یانزەی سێپتێمبەر سەرەتایەک بۆ جەنگ و کاولکاری درێژخایەن

یانزەی سێپتێمبەر، وشەیەک کە لە ناوەڕۆکدا هەڵگری مێژوویی جەنگێکی بیست ساڵە و مردن و برینداربوون و ئاوارەبوونی هەزاران کەس و وێرانبوونی زۆر شوێن و لە چەندین وڵاتی جیاواز.

٢٢ ساڵ بەر لەئێستا ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕووبەڕووی یەکێک لە ترسناکترین هێرشەکان بۆ سەر وڵاتەکەی بووەوە کە دواتر بە ڕووداوەکانی یانزەی سێپتەمبەر ناسرا.

لە بەرەبەیانی ١١ی سێپتێمبەری ٢٠٠١ چوار فڕۆکەی مەدەنی خۆیان کێشا بە هەردوو تاوەری بازرگانی جیهانیی لە شاری نیویۆرک و باڵەخانەی پنتاگۆن لە وانشتن دی سی و فڕۆکەکەی دیکەشیان لە ناوچەی پەنسالڤانیا بێ ئەوەی خۆی بە هیچ باڵەخانەیەکدا بکێشێت کەوتە خوارەوە.

لە دوای هێرشەکان ڕێکخراوی ئەلقاعیدە بە سەرپەرشتی ئوسامە بن لادن بەرپرسیارێتی هێرشەکەی گرتە ئەستۆ.

بەهۆی ئەو هێرشانەوە، دوو هەزار و ٩٧٧ كەس گیانیان لەدەستدا.

هێرشەکانی سەر تاوەرەکانی ئەمریکا لەلایەن گرووپێکی ١٩ کەسییەوە ئەنجام درا.

ئەو ١٩ کەسە بە گروپی پێنج كەسی وەك گەشتیار چووبوونە ناو فڕۆكەكان، لەناو هەریەک لەو گرووپانەشدا كەسێك، لەسەر فڕۆكەوانی پەروەردەی بینیبوو تاوەکوو بتوانن فرۆکەکان بفڕێنن، ئەوەشی دواتر لە لێکۆڵێنەوەکاندا دەرکەوت ئەوە بوو کە ئەو کەسانە لە خوێندنگەكانی فڕۆكەوانی ئەمریكا پەروەردەكرابوون.

هاوکات لە کۆى گشتى ئەو ١٩ کەسەى بەشداربوون لە هێرشەکەدا ١٥ لەوانە خەڵكی سعودیە بوون و دوو كەس دیکەیان خەڵكی ئیمارات، یەکێک خەڵكی میسر و كەسێكی تریش خەڵكی لوبنان بوو.

دەرئەنجامی ئەم هێرشەی ڕێکخراوی ئەلقاعیدە کاریگەریی ڕاستەوخۆی کردە سەر سیاسەتی سەربازیی و ئەمنیی ئەمریکا لە بەرانبەر عێراق و ئەفغانستاندا.

ئەمریکا ئەم هێرشەی کردە بیانووی پەلهاویشتنەکانی بۆ داگیرکردن و سەپاندنی زیاتری هەژموونی خۆی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بە گەشتی و عێراق و ئەفغانستان بە تایبەتی.

لە دەرئەنجامیشدا ئەمریکا لە ساڵی ٢٠٠٣ پرۆسەی داگیرکردنی عێراقی دەست پێکرد و هێرشێکی بەرفراوانیشی بۆ ئەفغانستان ئەنجام دا بەمەبەستی دەستگیرکردن و لەناوبردنی سەرکردە باڵاکانی ئەلقاعیدە کە ناوی لێنابو پرۆسەی ئازادی لە عێراق و ئەڤغانستان

لەو کاتەدا جۆرج بوشی سەرۆکی ئەمریکا لەبەردەم میدیا جیهانییەکاندا ڕایگەیاند ئەمریکا جەنگی دژی تیرۆر ئەنجام دەدات و ئەم جەنگە جیهانییە و تاکە جەنگیشە کە بۆ زۆرترین ماوەی درێژخایەن دەمێنێتەوە.

بەڵام ئەوەی بووەتە جێی سەرنج ئەوەیە کە ئەمریکا لەم جەنگەی ناوی ناوە جەنگی تیرۆر زیانێکی گەورەی بە ئەفغانستان گەیاندووە و ئەو وڵاتەی ڕووبەڕووی کارەساتی مەزن کردووەتەوە.

بەگوێرەی ئامارەکان، لە جەنگی بیست ساڵەی ئەمریکادا ١٠٠ هەزار هاوڵاتی ئەفغانی کوژران.

هاوکات ئەمریکا لەژێر ناوی ئازادکردنی عێراقدا لە دەستی ڕژێمی بەعس، پرۆسەی داگیرکردنی عێراقیشی دەست پێکرد.

لەم پرۆسەیەدا ئامانجی سەرەکیی ئەمریکا سەپاندنی هەژموونی زیاتری خۆی بووە لە عێراقدا کە خاکێکی دەوڵەمەندە بە سامانی سرووشتی و جوگرافییاکەی ستراتیژییە لە ناوچەکەدا.

هەروەها بۆ کێبڕکێکردن لە بەرانبەر نەیارەکانیدا ئەمریکا ئامانجی سەرەکیی بوو کە عێراق داگیر بکات و هێز و توانا و سیاسەتی سەرمایەی جیهانیی و ئیمپڕاڵیزمی خۆی بسەپێنێت بۆ ئەمەش داگیرکردنی عێراقی کردە کلیلی دۆزینەوەی دەریچەیەک بۆ داگیرکاریی زیاتر.

داگیرکارییەکانی ئەمریکا لە عێراق و ئەفغانستان لە کاتێکدایە ئەم وڵاتە لەپێناو سەپاندنی زیاتری سیاسەتە داگیرکاریی و ئیمپریالیستییەکانی خۆیدا ڕەوایەتی بە جەنگەکان دەدات و ئەوە دەخرێتە بەر باس کە ئەمریکا لەپێناو سەلامەتی خۆیدا ئەم هێرشانە ئەنجام دەدات بەڵام لە ناوەڕکدا مەبەستی سەرەکیی وێرانکردنی ژیان و گوزەرانی هاوڵاتییانی ئەو وڵاتانە و سەپاندنی زیاتری سیاسەتەکانی ئەمریکا و جەختکردنەوەیە لەوەی کە ئەم وڵاتە هێزی یەکەمی جیهانە لەسەر خوێن و ژیانی هاوڵاتییانی ئەو وڵاتانەی ناویان ناوە وڵاتانی جیهانی سێیەم.

هـ . ب