ئەڵمانیا چەک بە لایەنەکانی شەڕی لیبیا و یەمەن دەفرۆشێت

ئەڵمانیا لە ساڵی ٢٠٢٠دا بە لانیکەمەوە بە بڕی یەک ملیار یورۆ چەکی بەلایەنەکانی شەڕ لە لیبیا و یەمەن فرۆشتووە.

وەزارەتی ئابووری ئەڵمانیا وەلامی پرۆژە پرسیاریی حیزبی سەوزی دایەوە و رایگەیاند، ئەوە پەسەند کراوە، کە لە ساڵی ٢٠٢٠دا بە بڕیی ٥ ملیار یورۆ چەک بە وڵاتان بفرۆشرێت. لە ساڵی ٢٠١٩دا بە بری ٨ ملیار یورۆ چەک بە وڵاتان فرۆشرابوو، بەڵام لە ساڵی ٢٠٢٠دا فرۆشتنی چەکی ئەڵمانی کەمیکردووە بۆ ٥ ملیار یورۆ.

ئاماژە بەوەکراوە، ١٧ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٠ حکومەتی ئەڵمانیا ئەوەى پەسەند کردووە، کە بە بڕی ٧٥٣ ملیون یورۆ چەک و پێداویستیی سەربازی بفرۆشرێت. بەپێی ئەوەش بڕی ٣٠٥ ملیۆن یورۆ بە قەتەر و بڕی ٥١ ملیۆن یورۆش بە ئیمارات و بایی ٢٢ ملیۆن و ٩٠٠ هەزار یورۆ چەک بە تورکیا فرۆشراوە.

ئاماژە بەوەشکراوە، لیبیا و یەمەن لە ناو ئەو وڵاتانەدان، کە ئەڵمانیا چەکی پێ فرۆشتن. هەروەها ئەڵمانیا چەکی بە میسر، ئیمارات، ئوردن و بەحرەین لە هاوپەیمانیی عەرەبی دژ بە یەمەن فرۆشتووە. ئەو هاوپەیمانییە لە دژی میلیشیاکانی حوسی لە یەمەن شەڕ دەکات، کە ئێران پشتیوانییان لێدەکات.

نەتەوە یەکگرتووەکان چەندینجدار رایگەیاندووە، تورکیا و ئیمارات چەک دەفرۆشن بە هێزەکانی لیبیا، کە لەلایە نەتەوە یەکگرتوەکانەوە  گەمارۆی چەکیان خراوەتە سەر و بەوەش گەمارۆی نەتەوە یەکگرتووەکان پێشێل دەکەن.

ژ.ت