ئەندامانی پەرلەمانی ئەوروپا بۆ ژینا ئەمینی بانگەوازیان لە ئێران کرد

زیاتر لە ١٠٠ ئەندامی پەرلەمانی ئەوروپا بانگەوازیا لە تاران کرد ڕێگەی بدات بنەماڵەی ژینا ئەمینی بۆ وەرگرتنی خەڵاتی ساخارۆڤ بێنە فەرەنسا.

خەڵاتی ئازادی بیرکردنەوەی ساخارۆڤ لە مانگی تشرینی یەکەمدا بەخشرایە ژینا ئەمینی و جووڵانەوەی ژن ژیان ئازادی.

ئەم خەڵاتە سبەی سێشەممە لە شاری ستراسبۆرگ لە پەرلەمانی ئەوروپا پێشکەش دەکرێت. بەڵام یەکێک لە پارێزەرانی بنەماڵەی ژینا ئەمینی بە ناوی چیرینێ ئەرداکانی لە فەرەنسا ڕۆژی شەممە لەگەڵ ئاژانسی فرانس پرێس قسەی کرد و گوتی: "ڕژێمی ئێران چوونەدەرەوەی بنەماڵەی ژینا ئەمینی قەدەغە کردووە تاوەکو بەشداری لە مەراسیمەکە نەکەن".

١١٨ ئەندامی پەرلەمانی ئەوروپا نامەیەکی کراوەیان واژۆکرد، تێیدا هەڵوێستی ڕژێمی ئێران لەم ڕووداوە و پێشێلکردنی مافەکانی ژنانیان شەرمەزار کرد. دووپاتکراوەتەوە، ڕژێمی ئێران هەمان شتی بەرامبەر براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی، نەرگس محەمەدی کردبوو.

ئەندامانی پەرلەمانی ئەوروپا ڕایدەگەیەنن ئەم هەڵوێستە قبووڵ ناکەن، داوا لە بەرپرسانی ئێران دەکەن دەست لەم بڕیارە هەڵبگرن و ڕێگە بە بنەماڵەی ژینا ئەمینی بدەن کە سێشەممە لە ستراسبۆرگ سەردانی پەرلەمانی ئەوروپا بکەن.

سەرۆکی پەرلەمانی ئەوروپا ڕۆبێرتا مەتسۆلای لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس، ئەم کارەی ڕژێمی ئێرانی شەرمەزار کرد.