ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا بۆ لەسەركارلادانی ترامپ كۆدەبێتەوە

كۆبوونەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا بۆ لێپێچینەوە ‌و لەسەركارلادانی ترامپ، دەستی پێكرد ‌و ترامپیش بە جانتای چەكە ئەتۆمییەكانەوە، چوەتە دەرەوەی واشنتۆن.

ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو، ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا، کۆبوەوە و تێیدا بە زۆرینەی دەنگ، ئەمڕۆ چوارشەممە بۆ گفتوگۆکردن و دەنگدان لەسەر پرۆژەیاسای لێپێچینەوە لە ترامپ، دیاری کرا كە بەپێی زانیارییەكان، چاوەڕوان دەکرێت ئەنجومەنەکە، دەنگ لەسەر پرۆژەیاسایەک بدات کە تێیدا، داوا لە مایک پێنس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا دەکرێت، جێگای دۆناڵد ترامپ بگرێتەوە.

بەگوێرەی سەرچاوەكانی هەواڵ لە ئەمریكاوە، پێشبینی دەکرێت پرۆسەی دەنگدان بە پرۆژەیاساکە، دەنگی زۆرینە بەدەستبهێنێت، بەجۆرێک جگە لە زۆرینەی ڕەهای ئەندامە دیموکراتەکان، چەند ئەندامێكی کۆماریش، دەنگ بە پرۆژەیاساکە بدەن.

چەند ئاژانسێكی هەواڵیش بڵاویان كردەوە، لە دوێنیوە دۆناڵد ترامپ، واشنتۆنی جێهێشتوە ‌و ئاماژەیان بەوەش كردوە كە جانتای چەكە ئەتۆمییەكانی لەگەڵ خۆی بردوە كە لە ڕێگایەوە دەتوانێت ئەو چەكانە بەكار بهێنێت.

ئەوەش لەکاتێکدایە، ڕۆژی ٦ی ئەم مانگە، لەکاتی كۆبوونەوەی کۆنگرێسی ئەمریکا بۆ پەسەندکردنی ئەنجامی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی وڵاتەکە، ترامپ لایەنگرانی خۆی هاندا بۆئەوەی بەرەو باڵەخانەی کۆنگرێس (كاپیتۆڵ) بەڕێ بکەون ‌و لایەنگرانی و چوونە ناو باڵەخانەکەوە و گرژیی دروست بوو، هەر بەو هۆیەشەوە بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک كۆبوونەوەكە، ڕاگیرا ‌و چەند كەسێكیش گیانیان لەدەست دا.

ف.ق