محەمەد موسەوی سەرۆکی ئەنجوومەنی ئایینیی مسوڵمانانی فەرەنسا، کە لە بابەتی ئیسلامدا گرنگترین و سەرەکیترین بەردەنگی بابەتەکانە لەو وڵاتەدا لە لێدوانێکیدا بە ئاژانسی هەواڵی فەرەنسا (AFP)ی راگەیاند، "فەرەنسا وڵاتێکی گەورەیە، زوڵم لە هاووڵاتییانی مسوڵمان ناکرێت، بە ئازادی مزگەوت دروست دەکەن و ئازادانە ستایش و پەرەستشی خۆیان ئەنجام دەدەن".
موسەوی لە لێدوانەکەیدا باسی لەو هەڵمەتەى دژ بە فەرەنسا کرد، کە لەلایەن هەندێک دەوڵەت و گروپی توندەڕوی ئیسلامییەوە لە دژی فەرەنسا و ئیمانۆئیل ماکرۆن سەرۆک کۆماری فەرەنسا خراوەتەگەڕ و وتی، "ئێمە دەزانین، ئەوانەى ئەو هەڵمەت و کەمپەینە بەڕێوەدەبەن، دەڵێن، ئیسلام دەپارێزن، بەڵام داوای من لە مسوڵمانانی فەرەنسا ئەوەیە، ژیرانە و لەسەر خۆ بجوڵێنەوە. ئەو کەمپەینەى دژ بە فەرەنسا بۆ پارچەکردن و دووبەرەکی دروستکردنە، بۆیە داوا لە باوەڕمەندان دەکەم، کە بەرژەوەندی وڵاتەکەى خۆیان بپارێزن".
ژ.ت