بە پێشەنگایەتی دەستپێشخەری ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان لە ٢٥ ی حوزەیرانی ٢٠١٢ ـەوە چالاکی "ئیشکگریی ئازادی" بە ئامانجی لابردنی گۆشەگیریی سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و مسۆگەرکردنی ئازادی جەستەیی بەڕێزیان بەڕێوەدەچێت.
هەر هەفتەیەک گروپێک له وڵاتانی جیاوازی ئەوروپاوە دێن و چالاکی ئیشکگرییەکە لە ئەستۆ دەگرن، لە هەفتەی ٦٣٤ـەمیندا، ماکسوت دۆغان، ئایشە موتلو، محەمەد ئەلک، ڕەمەزان ئاسڵان و دەنیز تۆماس لە شتوتگارتی ئەڵمانیا، دەستیان بە چالاکییەکە کرد.
ماکسوت دۆغان بەناوی گروپەکەوە قسەی کرد و وتی: "داوا لە پەرلەمانی ئەوروپا و CPT دەکەین گۆشەگیریی سەر ڕێبەرایەتیمان هەڵبگرن و ئاماژەی بەوەشدا کە هیچ زانیارییەک لە سەر عەبدوڵا ئۆجالان بەدەست نەگەێشتووە و ڕێگری دەکرێت، داوا لە گەلەکەمان دەکەین لە دەوری ڕێبەرایەتیمان کۆببنەوە و درێژە بە چالاکییەکانیان بدەن."
هەروەها عایشە موتلو، ئەندامی دیکەی گروپەکە، ئاماژەی بەوەکرد کە ئەم بەرخۆدانە بەردەوامە هەتا لابردنی گۆشەگیریی و داوای لە گەلەکەمان کرد بۆ هەڵگرتنی گۆشەگیری لە چوارچێوەی هەڵمەتی ئازادییدا بڕژێنە گۆڕەپانەکان."