ژمارەی قوربانیانی بوومەلەرزەکەی ئیندۆنیزیا گەیشتە ٦٠ کەس

رۆژی هەینی بە پلەی ٦.٢ بە پیوەری رێختەر لە دورگەی سولاوەسی ئیندۆنیزیا بوومەلەرزە روویدا، ژمارەی ئەو کەسانەی لە بوومەلەرزەکەدا گیانیان لەدەستداوە، گەیشتە ٦٠ کەس.

بەهۆی سەدان برینداریش، نەخۆشخانەکان جێگەیان نەماوە.

دوای بوومەلەرزەکە لە شاری ماموژو بە دەیان کەس گیانیان لەدەستدا و تەرمەکانیان لەژێر داروپەردووی خانو و باڵەخانەکان دەرهێنران. لە ماموژو نەخۆشخانەیەک و دەیان باڵەخانە رووخان.

بەپێی دوایین ئامار، ٦٠ کەس گیانیان لەدەستداوە و باسی ئەوە دەکرێت ژمارەی قوربانیان زیاتر ببێت.

رۆژی پێنجشەمە، لە هەرێمەکە بوومەلەرزەیەک بە گوڕی ٥.٨ روویدابوو، بەڵام زیانی نەبوو.

ساڵی ٢٠١٨ لە دورگەی سولاوسی ئیندونیزیا بوومەلەرزەیەک بە گوڕی ٧.٨ ڕوویدا و لە ئەنجامدا ٤ هەزار و ٣٠٠ کەس گیانیان لەدەستدا. ١٧٠ هەزار کەسیش کۆچبەر بوون.

لە ساڵی ٢٠٠٤دا لە کەناراوەکانی ساماترای لە ئیندۆنیزیا، بەهۆی بوومەلەرزەیەکەوە بە گوڕی ٩.١، تسونامی دروست بوو. لە ئەنجامدا ٢٢٠ هەزار کەس گیانیان لەدەستدا کە ١٧٠ هەزار کەسیان هاوڵاتی ئیندۆنیزیا بوون.

ف.ق