ڕۆژنامەی(سیرە) سویدیی وتارێکی شەم شامەیی بە ناونیشانی، بێدەنگیی لە بەرامبەر کوژرانی دوو ڕۆژنامەنووس گڵستان تارا و هێرۆ بەهادین تاوانە، بڵاوکردووەتەوە و لە سەرەتای وتارەکەیدا ئاماژەی بەوەکردووە، ڕۆژی م٢٣ی ئابی ٢٠٢٤، دوو ڕۆژنامەنووسی ژن بە ڕێگەی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەرەوە کوژران، بۆچی لە ئاستی نێونەتەوەییدا ئەو کردەوە تیرۆرییە شەرمەزار نەکرا."
لە بەرداوامیی وتارەکەدا هاتووە: "ڕۆژی هەینی هەواڵی کوژرانی دوو ڕۆژنامەنووسی بوێر بەناوەکانی گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین لە کاتی ئەنجامدانی کارەکانیاندا لە سلێمانی؛ جیهانی هەژاند، ئەو دوو ڕۆژنامەنووسە بە شێوەیەکی دڕندانە کوژران، ئەمە بیرهێنانەوەیەکی تراژیدیی ئەو توندوتیژییە سیستماتیکیی و سەرکوتکارییانەی دەوڵەتی تورکە لەدژی کورد و بەتایبەت دژی ئەوانەی بە بوێرییەوە ڕاستیەکان ئاشکرا دەکەن.
ئاماژە بەوەشدراوە، کە ئەو کوشتنە تەنیا هێرشێک بۆسە کەسێک یان کەسانێک نییە، بەڵکو هێرشە بۆ سەر ئازادیی ڕادەربڕین و تەحەدایەکی ڕاستەوخۆیە بۆ بێدەنگیی کۆمەڵگای نێودەوڵەتیی.
هەروەها پێداگری لەسەر ئەوە کراوە کەدەبێت وەک کۆمەڵگا دژی ئەم بێدەنگییە بووەستینەوە، هاوکات نووسەر دەپرسێت: "بۆچی کاتێک ڕۆژنامەنووسێکی کورد دەکوژرێت، هەمان هەڵوێست و کاردانەوەی نێونەتەوەیی کە بۆ ڕۆژنامەنووسانی دیکە دەدرێت، ئەنجام نادرێت؟ لەبەر ئەوەیە کە کوردە؟، ئایا ژیانی ئەوان بەهای کەمترە بە پێوەری جیهانیی مافەکانی مرۆڤ؟!
لە بەشی کۆتایی وتارەکەدا هاتووە: "دەبێت سەرکردەکانمان ناچار بکەین هەڵوێست وەرگرن، تەنیا دەربڕینی هاوخەمیی بۆ لەدەستدانی ئەو دوو ڕۆژنامەنووسە بەس نییە، پێویستە ئێمەش ڕۆڵی خۆمان بگێڕین، دەبێت کۆمەڵگای نێودەوڵەتیی لێپرسینەوە لە حکومەتی تورکیا بکات، هەروەها ڕوونی بکاتەوە، کە هەر جۆرە هێرشێک بو سەر ڕۆژنامەوانی ئازاد قبووڵکراو نییە."