ئاستی ئابووریی جیهان دەگۆڕێت و تورکیاش لە چەقیندایە

بەگوێرەی دوایین زانیاری و داتاکان کە لەلایەن بانکی جیهانەوە بڵاوکراونەتەوە، وڵاتی هندستان ڕیزبەندی شەشەمی گەورەترین ئابووری جیهانی بەدەستهێناوە. وڵاتی چین لە ساڵی ٢٠٣٠ دا ئەمەریکا تێدەپەڕێنێت و دەبێتە هێزی یەکەمی ئابووریی لە جیهاندا.

بەگوێرەی داتا و زانیارییە ئابووریەکانی ساڵی ٢٠١٧ کە لەلایەن بانکی جیهانەوە ئاشکراکراون، بڕی خەزێنەی نەتەوەیی و قەبارەی ئابووریى هەموو وڵاتان گەیشتووەتە ٨٠ تریلیۆن و ٦٠٠ ملیار دۆلار. ڕاگەیەندرا بەگوێرەی ساڵی پێشتر، ئابووریی سەرانسەری جیهان بە بڕی ٤ تریلیۆن و ٧٠٠ ملیار دۆلار زیادی کردووە.

ئەمەریکا بە ١٩ تریلیۆن و ٣٩٠ ملیار دۆلار هێشتا گەورەترین ئابووریی جیهانی لەدەستدایە. ئەوەی کە زۆر لە ئەمەریکاوە نزیکە کۆماری گەلی چینە. بەو پێیەش خەزێنەی ناوخۆیی و قەبارەی ئابووریى چین گەیشتووەتە ١٢ تریلیۆن و ٢٣٧ ملیار دۆلار.

وڵاتی ژاپۆن بە بڕی ٤ تریلیۆن و ٨٧ ملیار دۆلار بووەتە خاوەنی سێیەم گەورەترین ئابووریی لە جیهاندا. وڵاتی ئەڵمانیاش بە بڕی ٤ تریلیۆن و ٦٧٧ ملیار دۆلار، ڕیزبەندی چوارەمی لە جیهاندا بەدەستهێناوە. وڵاتی بەریتانیای گەورەش بە بڕی ٢ تریلیۆن و ٦٢٢ ملیار دۆلار، لە ڕیزبەندی پێنجەمدا هاتووە.

وڵاتی هندستان، فەرەنسای لە ڕیزبەندیی شەشەمدا دەرکرد

بەگوێرەی داتا و زانیاریەکانی بانکی جیهان پاش وڵاتی چین وڵاتێک کە زۆر گەورە بووە هندستانە، کە ڕێژەی دانیشتوانەکەی ملیارێک و ٣٠٠ ملیۆن کەسە. وڵاتی هندستان بە بڕی ٢ تریلیۆن و ٥٩٧ ملیار دۆلار، لە ڕیزبەندی شەشەمی وڵاتانی جیهاندا جێی گرتووە. بەو پێیەش فەرەنسا کە پێشتر ڕیزبەندی شەشەمی گرتبوو، بە بڕی ٢ تریلیۆن و ٥٨٢ ملیار دۆلار کەوتە ڕیزبەندیی حەوتەمی وڵاتانی جیهانەوە.

وڵاتی بەرازیل کە ڕێژەی دانیشتوانەکەی ٢٠٠ ملیۆن کەسە، خەزێنەی نەتەوەیی ناوخۆیی و قەبارەى ئابووریى بڕی ٢ تریلیۆن و ٥٥ ملیار دۆلارە. پاش بەرازیل وڵاتی ئیتالیا دێت کە خەزێنەی نەتەوەییەکەی و قەبارەى ئابوورییەکەی بڕی یەک تریلیۆن و ٩٣٤ ملیار دۆلارە.

پاش ئیتالیاش، وڵاتانی کەنەدا، ڕووسیا، کۆریای باشوور، ئوستورالیا، ئیسپانیا، مەکسیک و ئەندۆنیزیا لە ڕیزبەندیی گەورەترین هێزی ئابووری جیهاندا، جێگەیان گرتووە.

تورکیای ئاکەپە هەرچی دەکات ناتوانێت لە ڕیزبەندیی ١٧یەمین تێپەڕێنێت

سەرۆک کۆماری تورکیا ئەردۆغان، چەندین ساڵە درۆی 'ئێمە دەبینە دەیەمین وڵات لە جیهاندا کە بەهێزترین ئابووری هەبێت' دەکات. لە ساڵی ٢٠١٧شدا تورکیا دیسان لە ڕیزبەندی ١٧یەمیندا مایەوە.

بە گوێرەی بانکی جیهان، تورکیا کە خەزێنەی نەتەوەیی بڕی ٨٥١ ملیار دۆلارە، پاش وڵاتی ئەندۆنیزیا لە ڕیزبەندیی ١٧یەمیندا جێگەی گرتووە. بە گوێرەی خەمڵاندنی 'ناوەندی لێکۆڵینەوەی ئابووری و بازرگانی- سەنتەر فۆر ئیکۆنۆمیکس ئاند بزنس ریسێرچ'، هەتا ساڵی ٢٠٣٢ تورکیا ناتوانێت تەنانەت لە ڕیزبەندی ١٢یەمینی جیهانیشدا جێ بگرێت.

بە گوێرەی هەمان ئەو داتا و زانیارییانەی بانکی جیهان، دەکرێت کۆماری گەلی چین، لە ماوەی ١٢ ساڵی داهاتوودا ئەمەریکا تێپەڕێنێت و لە ڕیزبەندی یەکەمی خاوەن گەورەترین ئابووریی جیهاندا جێگە بگرێت.

بە گوێرەی ئەو خەمڵاندنانە، لە ساڵانی داهاتوودا، وڵاتی چین لە ڕیزبەندی یەکەم و ئەمەریکا لە ڕیزبەندی دووەم و وڵاتی هندستانیش لە ساڵی ٢٠٣٢ دا لە ڕیزبەندی سێیەمدا جێ دەگرن.

هەر بە گوێرەی ئەو خەمڵاندنانە، ئەو وڵاتانەی، کە لە ساڵی ٢٠٣٢ دا لەناو ڕیزبەندی ١٠ وڵاتانی خاوەن گەورەترین ئابووری جیهاندا جێ دەگرن، بریتین لەم وڵاتانە: چین، ئەمەریکا، هندستان، ژاپۆن، ئەڵمانیا، بەرازیل، بەریتانیا، کۆریای باشوور، فەرەنسا و ئەندۆنیزیا.

ر.م