ئەمریکا سەرجەم هاوکارییە مادییەکانی بۆ ئاوارە فەلەستینییەکان ڕاگرت

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕاگرتنی هەموو هاوکارییە ماددییەکانی بۆ ئاوارە فەلەستینییەکانی ڕاگەیاند، کە بەهۆی بۆردوومان و هێرشەکانی ئیسرائیلەوە لە ناو وڵاتەکەدا ئاوارە ببون.

هێزەر ناورت وتەبێژى وەزارەتی دەرەوەى ئەمریکا ڕایگەیاند، کارەکانى ڕێکخراوی ئونروای سەربە نەتەوەیەکگرتووەکان هەڵەن هەر بۆیە ئەمریکا هاوکارییەکانى بۆ ئەو ڕێکخراوە ڕادەگرێت.

وتەبێژێکی مەحمود عەباس، سەرۆکی فەلەستین، ئەو بڕیارەی ئەمریکای بە سووکایەتییەکی بێشەرمانە بە خەڵکی فەلەستین و نەتەوە یەکگرتووەکان ناوناوە.

هەروەها کاتژمێرێک پاش ئاشکراکردنی ئەو بڕیارە لەلایەن هیزەر نوێرتەوە، کریس گانس، وتەبێژی ئاژانسی هاوکاریی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ئاوارە فەلەستینییەکان، لەگەڵ دەربڕینی داخی خۆی بۆ ئەو هەڵوێستە، بانگەشەی ئەمریکا بۆ ناکارامەبوونی ئاژانسەکەی ڕەتکردەوە.

ئیستیفان دۆجاریک، وتەبێژی نەتەوە یەکگرتووەکانیش ناڕەحەتی دەربڕیوە لەبارەی ئەو بڕیارەی ئەمریکا و پشتگیریی کارەکانی ئەو ئاژانسەی سەربە نەتەوە یەکگرتووەکانی کردووە.

جێگای ئاماژەیە، کە ئەمریکا بە گەورەترین پاڵپشتی ئاژانسی هاوکاریی نەتەوە یەکرتووەکان بۆ ئاوارە فەلەستینییەکان ئەژماردەکرا و ساڵانە زیاتر لە ٣٠٪ی بودجەی ئەو ئاژانسەی دابین دەکرد، بۆ نموونە لە دوایین ساڵی سەرۆکایەتیی ئۆباما، واتە لە ساڵی ٢٠١٦دا، ٣٦٨ ملیۆن دۆلار درابووە ئەو ئاژانسە.