ئەمەریکا: سەناتۆر جۆن مەککین کۆچی دوایی کرد

ئەمڕۆ سەناتۆری دیاری ئەمریکی جۆن مەککین، سەر بە پارتی کۆماری ئەمریکا لە تەمەنی ٨١ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد. کۆچکردوو پەیوەندی باشی لەگەڵ کورد هەبوو و ساڵی ۲۰۱۷ سەردانی کۆبانێی کرد بوو.

ئەمڕۆ ڕاگەیەندرا، سەناتۆری دیاری ئەمریکی جۆن مەککین، سەر بە پارتی کۆماری ئەمریکا، لە پاش ململانێیەکی سەخت لەگەڵ نەخۆشی شێرپەنجەی مێشک، لە تەمەنی ٨١ ساڵی کۆچی دوایی کردوە.

مەککین وێڕای ئەوەی سەناتۆرێکی دیار و بەکاریگەر بوو لە سەر سیاستەکانی ئەمەریکا، لە ساڵی ۲۰۰۸یشدا لە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماریدا، ڕکابەرێکی سەرسەختی باراک ئۆباما، سەرۆک کۆماری پێشووی ئەمریکای بوو.

دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمریکا، کە لەگەڵ سیاسەت و بۆچوونی جۆن مەککین ناکۆک بوو و چەندین جار ڕەخنەی لێگرتبوو، بە تویتێک سەرەخۆشی لە خانەوادەی مەککین کردووە. هەروەها باراک ئۆباما و ژمارەیەکی زۆری لە کەسایەتییە سیاسیی، هونەری،کۆمەڵایەتی و سەرمایەدارانی ئەمریکا بەبۆنەی کۆچی دوایی مەککینەوە هاوغەمی و سەرەخۆشییان ئاراستە بنەماڵەکەی و گەلی ئەمەریکا کردووە.

جۆن مەککین نزک بە ٤٠ ساڵی ژیانی بۆ سیاسەت تەرخان کردبوو و دوو جار  کاندیدی پارتی کۆماری ئەمەریکا بووە بۆ پۆستی سەرۆکایەتی کۆمار، بەڵام نەیتوانی سەرکەوتوو بێت و بگاتە کۆشکی سپی.

جۆن مەککین پەیوەندی باشیشی لەگەڵ کوردان و کوردستان هەبوو و مانگی فێبریوەری ساڵی ۲۰۱۷ سەردانی شاری کۆبانێی ڕۆژئاوای کوردستانی کرد بوو لەگەڵ بەێوەبەرانی شار و یەکینەکانی پاراستنی گەل یەپەگە و یەپەژە کۆببوویەوە و لە بارەی دۆخی ئەوێ ڕاپۆرتێکی دورودرێژی ئامادە کرد بوو. هاوکات یەکێکیش بوو لە ڕەخنەگرانی سیاسەتی تورکیا و ئەردوغان و چەندین جار باسی لە پەیوەندی نێوان تورکیا و داعش کرد بوو.

هـ.هـ