ئەڵمانیا هاریكاری له‌ ڕێکخراوه‌كه‌ی ئه‌ردۆغان بڕی

ئه‌و هاریكارییه‌ ئابوورییه‌ی كه‌ حكوومه‌تی ئه‌ڵمانیا ده‌یدا به‌  ڕێکخراوی یەکێتیی ئیسلامیی تورک (DITIB) كه‌ وه‌ك نوێنه‌رایه‌تیی ڕژێمی ئه‌ردۆغان له‌ ئه‌ڵمانیا كار ده‌كات، ڕاگیرا.

سەرەڕای ئەوەی کە هەموو کەس له‌ ئه‌ڵمانیا ده‌یزانی كه‌ ڕێكخراوی یەکێتیی ئیسلامیی تورک (DITIB) وەک لقێکی ڕژێمی ئەردۆغان کار دەکات و ساڵی پار لێپرسینەوە لەگەڵیاندا دەستیپێکرد، حکوومەتی ئەڵمانیا بە سەرۆکایەتی ئەنگێلا مێرکل، به‌رده‌وام بوو له‌ پەیوەندی لەگەڵ ئەو ده‌زگه‌یه‌ و هاریكاری ده‌كرد.

ڕاگەیەنرا کە بەهۆی ناڕەزایه‌تیی پارتییه‌ ئۆپۆزسیۆنەکان و ڕای گشتیی ئەڵمانیا، بەرپرسانی بەرلین لە بوودجەی ساڵی ٢٠١٨ و ٢٠١٩ دا هیچ بڕه‌ هاریكارییه‌كی مادییان بۆ ئه‌و ڕێكخراوه‌ توركییه‌ دیاری نه‌كردووه‌.

په‌رله‌مانتاری پارتیی مه‌سیحییه‌ دیموكراته‌كان (CDU) کریستۆف دێ ڤریس لە ژمارەی ئەمڕۆی ڕۆژنامەی بیلد، دەربارەی ئەو پرسە دواوە و جەختی لەوە کردووەتەوە کە هاوکاری مادی ئەو ڕێکخراوەیان بڕیوە.

ئەو پەرلەمانتارە دەربارەی ئەو بڕیارەی حکوومەتی ئەڵمانیا ڕاگه‌یاند، «ئەوانەی کە نه‌ژادپه‌رستی دەکەن، ڕق و تووڕەیی لە دژی مەسیحییه‌كان، یەهودی و بێدینه‌كان بڵاو دەکەنەوە. ئەوانەی کە لەسەر داوای حکوومەتی تورکیا کاری سیخووڕی دەکەن، نابێت ببنە هاوبەشی ئێمە.»

وەزارەتە جیاوازەکانی حکوومەتی فیدراڵی ئەڵمانیا، بۆ ئەوەی پشتیوانی هاوئاهه‌نگی له‌گه‌ڵ موسوڵمانان بكه‌ن، ماوەیەکی درێژه‌ بە ناوی خزمەتی ئاینی پارە بە ڕێكخراوی یه‌كێتیی ئیسلامیی تورك له‌ ئه‌ڵمانیا ده‌ده‌ن، به‌ڵام ئه‌و ڕێكخراوه‌ هاریكارییه‌كه‌ی بۆ گه‌شه‌پێدانی نه‌ژادپه‌رستیی تورک له‌ ڕێی مزگەوتەکان و پڕوپاگەندە كردن بۆ ئەردۆغان به‌كارده‌هێنا.

بە گوێرەی زانیارییەکانی ڕۆژنامەی بیلد کە پشتی بە زانیاری سەرچاوەی نزیکی حکوومەت بەستووە، لە نێوان ساڵانی ٢٠١٤ و ٢٠١٧دا بە گشتیی بڕی ٥ ملیۆن و ٩٨٣ هەزار و ٤٢٩ یۆرۆ هاریكاری مادی دراوە بەو رێكخراوه‌ی ئه‌ردۆغان. بەو پێیەش تەنها ساڵی ٢٠١٦ بڕی ٣ ملیۆن و ٨٢١ هەزار یۆرۆ و ساڵی ٢٠١٧یش ملیۆنێک و ٣٠٦ هەزار یۆرۆ دراوە به‌ ڕێكخراوه‌كه‌.

s.m