ئەڵمانیا: پێشنیار دەکرێت پەنابەران ساڵێک کار بۆ دەوڵەت بکەن

سکرتێری گشتیی پارتی مەسیحییە دیموکراتەکانی ئەڵمانیا 'سی دی یو' ئانەگرێت کرامپ-کارەنباوەر، بە مەبەستی بەهێزترکردنی تێکەڵبوونی پەنابەران لەگەڵ کۆمەڵگای ئەڵمانیدا، پێشنیاری کرد کە پەنابەران ماوەی ساڵێک لە ناوەندە گشتییەکانی دەوڵەتدا، کار و خزمەتی بکەن.

لە ئەڵمانیا، لەم دواییانەدا گفتوگۆ لە بارەی پەنابەران و کۆچبەرانەوە زیادیکردووە و ئەو گفتوگۆیانەش گەیشتوونەتە قۆناغێکی نوێ. حکومەتی ئەنگێلا مێرکل هەوڵ دەدات دەرگای وڵاتەکەی بەڕووی پەنابەرانی نێودا دابخات. پارتی مەسیحییە دیموکراتەکانی ئەڵمانیا 'سی دی یو' کە پارتەکەی مێرکل-ـە، لە ئێستادا دەربارەی پەنابەرانی ناو ئەڵمانیا پێشنیارێکی نوێیان کردووە.

پێشنیارەکە لە لایە ئانەگرێت کرامپ-کارەنباوەر کراوە، کە لە مانگی شوباتی ئەمساڵدا بە سکرتێری گشتیی پارتی مەسیحییە دیموکراتەکانی ئەڵمانیا 'سی دی یو' هەڵبژێردراوە کراوە و ئامادەکاریشی بۆ دەکرێت تا شوێن و پۆستی ڕاوێژکاری ئەڵمانیا وەربگرێت.  ئانەگرێت داوایکردوە، کە پەنابەرانی ناو ئەڵمانیا بۆ ماوەی ساڵێک کار و خزمەت بە دەوڵەت بکەن.

ئانەگرێت کرامپ-کارەنباوەر بۆ ڕۆژنامەی کۆمەڵەی میدیای فونکی ئەڵمانی دواوە و بانگەشەی ئەوەی کردووە کە کار و خزمەتی پەنابەران لە شوێنە گشتییەکاندا بە دەوڵەت، قۆناغی تێکەڵبوونیان لەگەڵ کۆمەڵگەی ئەڵمانیدا بەهێزتر دەکات. ڕوونیشیکردەوەتەوە، کە دەتوانرێت ساڵە کار و خزمەت بە ناچاری یان بە خۆبەخشی بە پەنابەران بکرێت. جەختیشی لەوە کردەوە کە ئەو پرسە لەناو پارتەکەیدا بە بەرفراوانی گفتوگۆی لەبارەوە دەکرێت و وتیشی: "ژمارەیەکی زۆر لە کادیران و بەرپرسانی ناو پارتەکەم پشتیوانی لە پێشنیارەکەم دەکەن، کە  پیاوان و ژنانی پەنابەر، ماوەی ساڵێک بەشداری ناو قۆناغی کار و خزمەت بە دەوڵەت ببن. پاش ئەو ساڵە کۆمەڵگای ئەڵمانی باشتر و زیاتر پەنابەران پەسەند دەکەن".

سکرتێری گشتیی پارتی مەسیحییە دیموکراتەکان 'سی دی یو' ئانەگرێت کرامپ-کارەنباوەر جەختی لەوە کردەوەتەوە. کە خزمەت بە دەوڵەت تەنها ئەرکی هاوڵاتیانی بە ڕەگەز ئەڵمانی نییە، بەڵکو ئەرکی هەر کەسێکە کە لە ئەڵمانیا دەژی و وتیشیەتی: "بە بڕوای من، خزمەتکردن بە وڵات پێکهاتەکانی کۆمەڵگە زیاتر پێکەوە وابەستەی یەکدی دەکات و پەیوەندی نێوانیان پتەوتر دەکات. هاوکات نابێت بە هیچ شێوەیەک ەم پێشنیارەم سەردەمی نازیەت بە بیری مرۆڤدا بهێنێتەوە".

لە لایەکی دیکەوە، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، لە وڵاتی ئەڵمانیا، پرسی خزمەتی سەربازیی بە زۆرەملێ گفتوگۆی لەبارەوە کرایەوە. ساڵی ۲۰۱۱ خزمەتی سەربازیی زۆرەملێ لە وڵاتی ئەڵمانیا ڕەتکرایەوە. بە گوێرەی ئەنجامی ڕاپرسی و لێکۆڵینەوەکان، لەسەدا ٥٥ی هاوڵاتیانی ئەڵمانی پشتیوانی لە پیشنیاری سەربازیی بە زۆرەملێ دەکەن. پێدەچێت ئەم مژارەش هاوتەریب لەگەڵ پێشنایری کارکردنی یەکساڵەی پەنابەران، لە ڕۆژانی داهاتوودا ببێتە ڕۆژەڤێکی سەرەکی و گەرمی ئەو وڵاتە.

هـ.هـ