بزووتنەوەی چەپی ڤاگن کنێشت لە ئەڵمانیا دەنگدانەوەی زۆری هەیە

لە دژی گەشەى پۆپۆلیستی ڕاستڕەو، کە لە ئەڵمانیا لە برەودایە، سارا ڤلگن کنێشت سەرۆکی فراکسیۆنى پارتی چەپی ئەڵمانیا بزووتنەوەیەکی نوێی چەپی ڕاگەیاندووە. ئەو بزووتنەوەیە هەر لە ئێستاوە زۆر سەرنجڕاکیشە و دەنگدانەوەیەکی زۆری لێکەوتووەتەوە.

بزووتنەوەی 'ڕاپەڕە' لەسەر ئینتەرنێت دەستیپێکرد و تەنها لە هەفتەی یەکەمی ڕاگەیاندنی ئەو بزووتنەوەیەدا، لە ئەڵمانیا ٥٠ هەزار کەس پشتیوانی خۆیانیان بۆ دووپات کردەوە.

سارا ڤاگن کنێشت لە ئەڵمانیا، یەکێکە لە کەسایەتییە دیارەکانی ئۆپۆزسیۆنی چەپ. بە پێشەنگیی سارا، هەفتەی ڕابردوو لە ئەڵمانیا، بزووتنەوەیەکی نوێی چەپ بەناوی بزووتنەوەی 'ڕاپەڕە'ەوە دامەزرا. دامەزراندنی ئەو بزووتنەوەیە بووەتە هیوایەک بۆ ئەو کەسانەی کە لە نادادپەروەریی کۆمەڵایەتیی و گەشەی هێزە ڕاستڕەوە تووندڕەوەکان لە ئەڵمانیا تووڕەن، بڕیارە لە ٤ی ئەیلولی ئەمساڵ بە شێوەیەکی فەرمی ڕابگەیەنرێت.

پێش ڕاگەیاندنی فەرمیی خۆی، ئەو بزووتنەوەی بە دروشمی 'ڕاپەڕە'، لەسەر تۆڕی ئینتەرنێت، بۆ ڕای گشتیی ئەڵمانیا ئاشکرا کرا. ئامانجیش لە دروستکردنی ئەو بزووتنەوەیە ئەوەیە نەک تەنها ئەندامانی پارتە چەپەکان، بەڵکو ئەندامانی پارتی سۆسیال دیموکرات و پارتی سەوز، لە دەوری یەکتر کۆبکاتەوە. لە هەفتەی یەکەمی ڕاگەیاندنی نافەرمیی ئەو بزووتنەوەیەدا، بە لێشاو لەلایەن هاووڵاتییانەوە پێشوازیی لێکرا و دەیان هەزار هاوڵاتی ئەڵمانیا پشتگیریی خۆیان بۆ ئەو بزووتنەوەیە دووپات کردەوە.

هەندێک لە پەرلەمانتارانی هەردوو پارتی سەوز و سۆسیال دیموکراتیش پشتیوانیی خۆیان بۆ ئەو بزووتنەوەیە ئاشکرا کردووە. بە گوێرەی ڕاپرسییەکی گۆڤاری 'فۆکوس'، کە لەلایەن کۆمپانیای ئەمنیدەوە ئەنجام درابوو، لەو ئەڵمانانەی کە دەنگ بە پارتە چەپەکان دەدەن، یەک لە سێ یان دەنگ دەدەن بە بزووتنەوەکەی سارا ڤاگن کنێشت.

زۆربەی ئەڵمانییەکان گلەیی و گازاندە لە نادادپەروەریی دەکەن

لەسەدا ٣٤ی دەنگدەرانی ئەڵمانیا، پشتیوانی بزووتنەوە نوێیە چەپەکەی سارا دەکەن. بەگوێرەی ئەوەش، لەسەدا ٨٧ی پارتی چەپی ئەڵمانی، لەسەدا ٥٣ی پارتی سەوز، لەسەدا ٣٧ی پارتی سۆسیال دیموکرات، ئەگەر هاوپەیمانێتییەک پێکبهێنن و بەوە بەشداری هەڵبژاردنەکانی ئەو وڵاتە بکەن، ئەوا بەو رێژەیە پشتیوانی لەو بزووتنەوەیە دەکرێت.

دەربارەی نادادپەروەریش، لەسەدا ٥٨ی ئەڵمانەکان دەڵێن، نادادپەروەریی لە وڵاتەکەیاندا هەیە. لە بەرامبەریشدا لەسەدا ٣٨ی ئەڵمانەکان پێیان وایە کە دادپەروەریی لەو وڵاتەدا هەیە. سارا ڤاگن کنێشت و هەڤاڵەکانی کە دەستیان بە دامەزراندنی ئەو بزووتنەوە نوێیە کردووە، بە ئەنجامەکانی ئەو ڕاپرسییە دڵخۆشن.

دڵخۆشیشن بەوەی تەنها لە هەفتەی یەکەمی ڕاگەیاندنی نافەرمییانەی ئەو بزووتنەوەیەدا، ژمارەی ئەو کەسانەی کە لە ئەڵمانیا پشتیوانیی خۆیان بۆ ئەو بزووتنەوەیە دەربڕیوە و ناوی خۆیان تۆمار کردووە، ٥٠ هەزار کەسی تێپەڕاندووە. سارا ڤاگن کنێشت دەیەوێت وەک بێرنی ساندەرس لە ئەمەریکا، وەک جێرمی کۆربین لە بەریتانیا و جیان لوک مێلێنشۆ لە فەرەنسا، ئەویش لە ئەڵمانیا بزووتنەوەیەکی چەپی سۆسیالیستیی دروست بکات. هێشتا نازانرێت داخۆ لەو هەوڵەیدا سەرکەوتوو دەبێت یان نا، بەڵام پسپۆڕانی سیاسیی بە شێوەیەکی ئەرێنی لەو بزووتنەوەیە دەڕوانن.

پسپۆڕانی سیاسیی: شانسی سەرکەوتنی ئەو بزووتنەوەیە هەیە

پسپۆڕی زانستی سیاسیی لە زانکۆی فرانکفۆرت لە ئەڵمانیا ئەندریاس نولکە، یەکێکە لەو کەسانەی کە بەگوێرەی ئەوان، ئەو بزووتنەوە نوێیە شانسێکی باشی هەیە. نولکە بە بیری هێنایەوە کە لە وڵاتانی ڕۆژئاوا بزووتنەوە چەپەکان لە گەشەدان و نموونەی ئەمەریکاشی هێنایەوە. ئەندریاس نولکە وتیشی "ئێمە بینیمان کە لە ئەمەریکا، بە تایبەتی گەنجان، چەندە خۆیان لە بێرنی ساندەرس نزیک دەکردەوە".

بە گوێرەی بۆچوونی بەڕێوەبەری ناوەندی لێکۆڵینەوەی سیاسیی لە زانکۆی میونشن لودویگ – ماکسیمیلیانس وێرنەر ویدنفێلد، شانسی سەرکەوتنی بزووتنەوەکەی سارا ڤاگن کنێشت هەیە، بەڵام دەبێت ستراتیژیەتی ئەو بزووتنەوەیە بە باشی دەستنیشان بکرێت.

ر.م