بۆ یەکەمجار لە دەرەوەى چین کەسێک بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە گیانى لە دەستدا

بۆ یەکەمجار لە دەرەوەى چین و لە وڵاتى فیلیپین کەسێک بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە گیانى لە دەستدا.

بەرپرسانى تەندروستیى فیلیپین رایانگەیاند، هاووڵاتییەکى تەمەن ٤٤ ساڵ بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە گیانى لە دەستداوە. ئەو کەسە لە شاری وهانی چین بووە، کە ڤایرۆسەکەى تیادا سەریهەڵدا بوو و گەڕابووە بۆ فیلیپین.

لە دەرەوەى چین نزیکەى ١٣٠ کەس لە ٢٠ وڵاتدا تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون. ئەوەش یەکەمجارە لە دواى بڵابوونەوەى ئەو پەتایە لە دەرەوەى چین کەسێک بەهۆی ئەو ڤایرۆسەوە گیان لە دەست دەدات.

هاوکات لە چین بەهۆی بڵاوبوونەوەى ئەو ڤایرۆسەوە ٤٥ کەسی تر گیانیان لە دەستداوە و بەپێى راگەیاندراوى کۆمسیۆنى تەندروستیى چین لەو وڵاتەدا تاوەکو ئێستا ٣٠٤ کەس بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە گیانیان لە دەستداوە.

تاوەکو دوێنێ ١ی شوبات لە چین ١٤ هەزار و ٣٨٠ کەس تووشی ئەو ڤایرۆسە بوون. بە بەراورد بە رۆژێک لەو پێش ٢ هەزار و ٥٩٠ کەسی تر تووشی ڤایرۆکە بوون.

ویلایەتى هوبی کە شاری وهانی تیادایە هەموو هاتووچوویەک بۆی قەدەغە کراوە. بە گشتى نزیکەى ٥٠ کەس لەو ویلایەتەدا دەژین و لە ژێر چاودێریدان.

رێکخراوى تەندروستیى جیهانی رۆژی پێنجشەممەى رابردوو بەهۆی بڵاوبوونەوەى ئەو ڤایرۆسەوە باری نائاسایى بۆ سەرتاسەری جیهان راگەیاندبوو.

ژ.ت