بەرپرسانى یونان: ئەگەر هەیە ئاگرەکە بە ئەنقەست نرابێتەوە

راگەیاندرا، ئاگرەکەى یونان، کە ماوەى چەند رۆژێکە بەردەوامە و بە هۆیەوە زیاتر لە ٨٠ کەس گیانیان لە دەستداوە، ئەگەری ئەوە هەیە بە ئەنقەست نرابێتەوە، بۆیە لێکۆڵینەوە لەو بارەیەوە دەستیپێکردووە.

ماوەى چەند رۆژێکە لە رۆژهەڵاتى ئەسیناى پایتەختى یونان ئاگرێک کەوتووەتەوە و تا ئێستا بەردەوامە و بەلانیکەمەوە ٨٣ کەس بەهۆی ئەو ئاگرەوە گیانیان لە دەستداوە. لەبارەى هۆکارى کەوتنەوەى ئاگرەکە دەست بە لێکۆڵینەوە کرا.

نیکۆس تۆسکاس جێگری وەزیرى ناوخۆى یونان بۆ کاروبارى بەرگریى شارستانى لە کۆنفرانسێکى رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند "بەڵگەى جدییان" لە بەردەستدایە و بەپێى ئەو بەڵگانە ئاگرەکە بە ئەنقەست نراوەتەوە.

تۆسکاس راشیگەیاند "لەبارەى کەوتنەوەى ئاگر لەسەر چیاى پەندەلی چەندین پرسیارمان بۆ دروستبووە. لەبەر بوونى بەڵگەى گرنگ، دەستمان بە ئەنجامدانى لێکۆڵینەوە لەبارەى کەوتنەوەى ئاگرەکەوە کردووە".

دیمیتریس ستێرگی سەرۆکى شارەوانیى پەندەلی دوێنێ رایگەیاندبوو، ئاگرەکە بەهۆى بڕینى تێلەکانى هێڵى کارەبا کەتووەتەوە. راشیگەیاند، کاتێک ئاگرەکە دەستیپێکردبوو، تێلە بڕاوەکانى هێڵەکانى کارەبایان دۆزیبوویەوە.

ر.م