بەستەڵەکى جەمسەری باشوور خێراتر لەوە دەتوێتەوە کە چاوەڕێ دەکرا

راگەیاندرا شاخە بەستەڵەکی (Thwaites Glacier – توایتس گلاچەر) لە جەمسەری باشووری زەوی زۆر خێراتر لەوە دەتوێتەو، کە چاوەڕێ دەکرا.

رووبەر و گەورەیى ئەو شاخە بەستەڵەکە ١٩٢ هەزار کیلۆمەتر چوارگۆشەیە و ٢ هێندەى رووبەری وڵاتى نەمسایە. ئەو شاخە بەستەڵەکە درێژییەکەى ١٦٢ کیلۆمەتر و پانیەکەشی ٣٠ کیلۆمەترە. ئەو شاخە بەستەڵەکە بەرپرسە لە ئاراستە و جۆری جوڵەى ٤ لەسەدی ئاوی هەموو زەریاکانى جیهان.

 لە دواى ئەنجامدانى لێکۆڵینەوە لەسەر ئەو شاخە بەستەڵەکە نیگەرانییەکان زیادیانکرد. بەپێى ئەنجامی لێکۆڵینەوەیەکى هاوبەشی زانا بەریتانی و ئەمریکییەکان پلەى گەرمیى هەوا بۆ تواندنەوەى ئەو شاخە بەستەڵەکە لە هێڵی نێوان شاخە بەستەڵەکە و زەریادا ٢ پلەیە. ئەو ئەنجامەش نیگەرانییەکانی لەبارەى خێرا تواندنەوەى ئەو شاخە بەستەڵەکەى زیاتر کرد.

توانەوەی شاخە بەستەڵەکانى جەمسەرەکانى باکوور و باشووری گۆی زەوی بەهۆی بەرزبوونەوەى پلەکانى گەرما دەبنە هۆی بەرزبوونەوەى ئاستی ئاوی زەریاکان. ئەگەر شاخە بەستەڵەکی (Thwaites Glacier – توایتس گلاچەر) بە تەواوی بتوێتەوە، ئاستى ئاوی زەریاکان لەسەرتاسەری جیهاندا ٦٥ سانتیمەتر بۆ یەک مەتر بەرز دەبنەوە بەوەش چەندین شار و کەنارئاو و بەندەر دەبن بە ژێر ئاوەوە و ملیۆنەها کەس کۆچبەر و بێ ماڵ و حاڵ دەبن.

ژ.ت