بەهۆی عەفرینەوە، تورکیا لە بارودۆخێکی خراپ دایە

یەکێک لە ڕۆژنامە هەرە بەناوبانگەکانی نەمسا/ ئوتریش، هەواڵێکی لەسەر زاری هەواڵنێرێکی ڕۆژنامەکە لە تورکیا لەژێر ناوی "بەهۆی عەفرینەوە، لە تورکیا ماتەمینی و بێ‌چارەیی هەیە"، بڵاو کردەوە کە ئاماژە بە کوژراوانی سوپای تورکیا دەکات لە عەفرین

لە سەرەتای ڕاپۆرتەکەدا هاتووە؛ ((لەشەڕی دژی کورداندا، خەساری قورس ؛تورکیا شتێکی کەم دەربارەی شەڕ و کوشتنی هاوولاتیانی سیڤیل دەزانێ)) و باسی ئەوە دەکات کە بەو ١٢ سەربازی لەو ڕۆژانەی دواییدا کوژراون، بەلانیکەمەوە ئەو سەربازانەی لە عەفرین کوژراون ٣٠ سەربازن.

لە بەشێکی راپۆرتەکەدا دیمەنی خستنەخوارەوەی ئەو هێلیکۆپتەرەی کە لەلایەن هەسەدە وە خراوەتە خوارەوە گرینگی زۆری پێدراوە.

لە ڕاپۆرتەکەدا ڕا و بۆچوونی گەلێک کەس دەربارەی کوژرانی سەربازەکانی تورکیا وەرگیراوە. لە زۆربەی ڕا و بۆچوونەکاندا، گازندە و بێ‌هیوایی، زەق و دیارە.

ڕۆژنامەکە، نووسیویەتی کە مێدیاکانی تورکیا زۆر بە هەستیارییەوە هەواڵەکانی تایبەت بەو شەڕە بڵاو دەکەنەوە و ئەو کەسانەش کە ڕەخنە بگرن، دەستبەسەر دەکرێن. لە هەواڵەکەدا هاتووە کە هەتا ئێستا بەلانیکەمەوە ٦٦٦کەس بەهۆی ڕەخنە و گازندەکانیان لەو شەڕە، دەستبەسەر و ڕەوانەی دادگەکان کراون.

لەدرێژەی هەواڵەکەدا، هەژماری سەربازانی تورکیا بەپێی ڕاگەیەنراوی فەرمی سوپا، نووسراوە و باس لەوەش دەکات کە ساڵی ٢٠١٦ لە چوارچێوەی هێرشی داگیرکردنی قەڵغانی فوراتدا لەماوەی ٧مانگدا ٧٢ سەربازی تورکیا کوژرابوون. هەروەها نوسیویەتی کە بەپێی لێدوانی فەرمی سوپا لەماوەی ئەو ٣هەفتەیەی شەڕی عەفرین ٣٠سەرباز و ١٥٠چەتەی بەنێوی سوپای ئازاد-یش کوژراون.

لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە ''سەرەڕای بۆردوومانی قورس و هەوڵدانی زۆریش، سوپای تورکیا تەنیا توانیوێتی بکەوێتە چەند گوندێکی لەسەر سنوور.