بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە هاتوچۆ بۆ دەیان شاری چین راگیراوە و خراونەتە ژێر چاودێرییەوە

بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە بۆ یەکەمجار کەسێک لە دەرەوەى چین گیانى لە دەستدا. هەروەها شاری وەنزهۆ، کە ٨٠٠ کیلۆمەتر لە شاری وهانەوە دوورە ڤایرۆسی کۆرۆناى تیادا بڵاوبووەتەوە و هاتوچۆ بۆ شارەکە راگیراوە و شارەکە خراوەتە ژێر چاودێرییەوە.

لە چین تاوەکو ئێستا ٣٠٠ کەس بەهۆی ئەو ڤایرۆسەوە گیانیان لە دەستداوە. شاری وەنزهۆ کە ٨٠٠ کیلۆمەتر لە شاری وهانەوە دوورە ڤایرۆسەکە تیایدا بڵاوبووەتەوە و بەو هۆیەوە هاتوچۆکردن بۆ ئەو شارە قەدەغە کراوە و شارەکە بە تەواوی خراوەتە ژێر چاودێرییەوە.

زۆرێک لە وڵاتانى جیهان هاتوچۆکردنى هاووڵاتییەکانیان بۆ چین و گەشتى هاووڵاتییانى چینیان بۆ وڵاتەکانیان قەدەغە کردووە. وڵاتانى وەک ئەمریکا، ئوستورالیا، زینلاندی نوێ، عێراق و ئیسرائیل ئەو هاووڵاتییانەی لە چینەوە دەچنە وڵاتەکانیان کۆنترۆڵ دەکەن و دەیانخە ژێر چاودێریى وردەوە، چونکە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە مرۆڤەوە دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ و تاوەکو ئێستاش ١٤ هەزار و ٢٤ کەس تووشی ئەو پەتایە بوون.

هەروەها وڵاتانى مەنگۆلیا، روسیا و نیپال سنوورەکانى خۆیان لەگەڵ وڵاتى چین داخست. وڵاتى پاپانوگینیاش لە رۆژی چوارشەممەى رابردووە سنوورەکانى خۆی لەگەڵ چین دا داخستووە.

لە وڵاتى فیلیپینیش کە هاووڵاتییەک لە دواى گەڕانەوەى لە شاری وهان لە چین بۆ وڵاتەکەى بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە گیانی لە دەستدابوو، گەشتە ئاسمانییەکانى بۆ چین راگرت. ئەوە لە کاتێکدایە دوێنێ بۆ یەکەمجار لە دەرەوەى چین و لە وڵاتى فیلیپین کەسێک بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە گیانى لە دەستدابوو.

بەریتانیا و روسیا و سوید رایانگەیاندووە، لە کۆتایى هەفتەى رابردوودا هەندێک کەس لە وڵاتەکانیاندا تووشی ئەو پەتایە بوون.

ئیتالیا و جەزائیریش کار بۆ گەڕانەوەى هاووڵاتییانیان لە چین دەکەن.

ژ.ت