تاقیگەیەک سەلماندی کە دەوڵەتی تورک فسفۆڕی سپی لەدژی هاوڵاتیان بەکارهێناوە

خۆبەڕێوەبەری باکورو ڕۆژهەڵاتی سوریا، بە پشتبەستن بە ئەنجامی تاقیگەیەکی سویسری ئاشكرایکرد، سوپای تورک بۆمبی فسفۆڕی لە باکورو ڕۆژهەڵاتی سوریا بەکارهێناوە.

ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری ئەنجامی شیکارییەکی تاقیگەیەکی سویسرای لە پاریس ئاشکرا کرد، کە پشتڕاستی دەکاتەوە، سوپای تورکیا بۆمبی فۆسفۆڕی سپی لە هێرشی باکوری سوریا لە مانگی ١٠ی ٢٠١٩ بەکارهێناوە.

تاقیگەی ویسلینگی سویسری بڕێکی زۆر مادەی فسفۆڕی سپی لەو سامپڵانەندا ئاشكرا کردووە، کە لە پێستی شەڕڤان و بریندارەکان وەریگرتبوو.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتەی کە تاقیگەکە بە زمانی ئینگلیزی بڵاویکردووەتەوە، جۆری برینداری قوربانیەکانی بە سوتانی کیمیایی وەسف کردووە، کە بەشێکی زۆر مادەی فۆسفۆڕی سپی تێدا بەکارهێنراوە.

بە وتەی عەباس مەنسوران کە چارەسەری قوربانییەکانی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکی کردووە، بەشێک لە سوتاوی برینەکان نائاسایی بووە کە بە چەکی ئاسایی ئەوە ڕوونادات.

لە میانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا لە پاریس، نوری مەحمود وتەبێژی یەپەگە و خالید عیسا نوێنەری پەیەدە ڕایانگەیاند، زۆربەی قوربانییەکان هاوڵاتی مەدەنین، هەروەها ئاسەواری کیمیایی بەسەر جەستەیانەوە دۆزراوەتەوە.

لە مانگی ١٠ی ساڵی ڕابردوو، خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیک، دەوڵەتی تورکی تۆمەتبار کرد بە بەکارهێنانی چەکی قەدەغەکراوی ناپاڵم و فۆسفۆڕی سپی لە هێرشەکانیدا.