ترامپ بۆ تورکیا: سازش ناکەین و باج نادەین!

دۆناڵد ترامپ سەرۆکى ئەمریکا رایگەیاند، ئەگەر قەشە برونسۆن-یش ئازاد بکرێت هیچ سازشێک لەگەڵ تورکیا ناکەن و باج بە تورکیا نادەن.

دۆناڵد ترامپ سەرۆکى ئەمریکا لەبارەى قەیران لەگەڵ تورکیا بۆ ئاژانسى هەواڵى رۆیتەرز قسەى کردووە و سەرنجى خستووەتە سەر بەڵێنی ئازادکردنی ئەبرو ئۆزکان هاووڵاتیی تورکیا، کە لە ئیسرائیل زیندانە.

راشیگەیاند، بۆ ئەوەى ئۆزکان ئازاد بکرێت لەگەڵ ئیسرائیل قسەى کردووە تاوەکو ئازادى بکەن و لە بەرامبەردا تورکیا قەشە برونسۆن ئازاد بکات.

ترامپ لەبارەى بەڵێنەکەى خۆیەوە وتى "ئەو کەسەى کە ئەردۆغان داواى ئازادکردنى کردبوو، من هەوڵمدا تاوەکو ئازاد بکرێت و لە ئەنجامدا ئازاد کرا. منیش داوای لێدەکەم با ئەویش قەشە برنسۆن ئازاد بکات".

بەڕێوەبەرانى ئیسرائیل رایانگەیاندبوو، بۆ ئەوەى ئۆزکان ئازاد بکرێت، ترامپ داواى ئازاکردنى کردبوو و لەسەر ئەو داوایەش رۆژی ١٥ى تەمووزی ٢٠١٨ ئۆزکان ئازاد کرابوو، بەڵام رژێمى ئەنقەرە رایگەیاندبوو، بۆ ئازادکردنى قەشە برونسۆن هیچ مامەڵەیەکى لەو شێوەیە لە گۆڕێدا نییە.

ترامپ وتیشی "ئەوەى تورکیا ئەنجامى دەدات مرۆڤ نیگەران و خەمبار دەکات. بە بڕواى من ئەوان هەڵەیەکى گەورە دەکەن، چونکە گەڕانەوەى بۆ نییە و هەنگاو بۆ دواوە نانرێت".

ترامپ باسى ئەوەشیکردووە، دودڵ نییە لەو گوشارەى خراوەتە سەر تورکیا و نیگەرانیش نییە لەو زیانە ئابوورییەی بەر تورکیا کەوتوە و ئەوەشى وت "خەمى بۆ ناخۆم و نیگەران نیم، چونکە ئەوە هەنگاوێکى راست و دروست بوو".

ترامپ رۆژی ١٧ی ئابی ٢٠١٨ لە تویتێکیدا رایگەیاندبوو "تورکیا بۆ ساڵەهای ساڵ لە ئەمریکا سوودمەند بوو. ئێستاش قەشەکەمان ئازاد ناکات. بۆ ئازادکردنى مرۆڤێکى بێ تاوان و پاک هیچ باجێک نادەین".

ر.م