دانووستانەکانی نێوان ئەنقەرە و مۆسکۆ بەردەوامن

وەزیری بەرگری میللی تورکیا خولووسی ئاکار و سەرۆکی میتی تورک هاکان فیدان، پاش هەفتەیەک دیسانەوە سەردانی مۆسکۆی پایتەختی ڕووسیا دەکەن.

ڕاگەیەندرا، کە ئاکار و فیدان، ڕۆژی هەینی داهاتوو سەردانی مۆسکۆ دەکەن و لەگەڵ وەزیری بەرگری ڕووسیا سێرگی شۆیگۆ دا کۆدەبنەوە. بە گوێرەی ڕاگەیەندراوی وەزارەتی بەرگری ڕووسیا، پرسی دیدارەکانی نێوان شۆیگۆ و ئاکار، دواین پێشهات و بارودۆخی سوریایە.

ئەمەش لە کاتێک دایە کە وەزیری بەرگری میللی تورکیا خولووسی ئاکار و سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی میتی تورکی هاکان فیدان، ڕۆژی 17 ی ئەم مانگە لەگەڵ وەزیری بەرگری ڕووسیا سێرگی شۆیگۆ دانیشتنیان ساز دابوو. ئاشکراش کرابوو کە پرسی دانیشتنەکەیان بریتی بووە لە ئارامیی و ئاسایشیی هەرێمیی.
ئەم دیدار و کۆبوونەوانە لە کاتێکدا ئەنجام دەدرێن کە ڕژێمی سوریا لە ئامادەکاری دایە بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆن بۆ سەر ئیدلب. چەتەکانی نێو ئیدلب سەر بە دەوڵەتی تورکیان و لەلایەن ئەوەوە ڕاستەوخۆ هاوکاریی دەکرێن. ئەو ئۆپەراسیۆنەی سەر ئدلیب لە بەرژەوەندی تورکیا نییە. هەروەها ئەو دیدار و کۆبوونەوانە لە کاتێکدا ئەنجام دەدرێن کە پەیوەندیی نێوان تورکیا و ئەمەریکا باش نییە.

ئەمەو لەم کاتانەدا، وەزیری دەرەوەی تورکیا گەیشتووەتە ڕووسیاو و لەگەڵ هاوتا ڕووسیەکەی کۆبوونەتەوە.

هـ.هـ