دواى ٧٠ ساڵ کەسێکى چەپڕەو لە مەکسیک بوو بە سەرۆک کۆمار

ئاندرێس مانویل لۆپێز ئۆبرادۆر پاڵێوراوى چەپڕەو بۆ هەڵبژاردنى سەرۆکایەتیى کۆمار لە مەکسیک سەرکەوتنى بە دەستهێنا. بەو شێوەیە کۆتایى بە دەسەڵاتى ٧٠ ساڵەى ڕاستڕەوەکان بەسەر مەکسیکدا هات.

ئاندرێس مانویل لۆپێز ئۆبرادۆر کە بە "ئاملۆ – AMLO" لە ناو خەڵکى مەکسیکدا دەناسرێت، لە هەڵبژاردنەکانى گشتی و شارەوانییەکان و سەرۆکایەتیى کۆماری وڵاتەکەیدا بە بەدەستهێنانى زیاتر لە ٥٣% دەنگەکان، سەرکەوتنى بە دەستهێنا.

ئۆبرادۆر لە هەڵبژاردنى سەرۆکایەتیى کۆماردا ٢ رکابەرى هەبوون. یەکێکیان ریکاردۆ ئانایا پاڵێوراوى هاپەیمانیى چەپ و راست بوو، کە ٢٢%ى دەنگەکان و ئەویتریشیان جۆسێ ئانتۆیو مایدی پالێوراوى حیزبى شۆڕشگێڕی نزیک لە دەسەڵات بوو، کە رێژەى ١٦% دەنگەکانى بەدەستهێنا.

ئۆبرادۆر لە کەمپەینى هەڵبژاردنەکەیدا باسى بەرەنگاربوونەوەى توندوتیژی و گەندەڵیى کردبوو. ئەو ٢ کێشەیە بە کێشە سەرەکییەکانى مەکسیک دەناسرێن. ئۆبرادۆر لە دژى گەندەڵى بەربڵاو و رەگ داکوتراو لە وڵاتەکەیدا بەڵێنى گۆڕانکاریى رادیکاڵانە دابوو، کە ئەوەش چەندین بەش و پێکهاتەى کۆمەڵگەى لە دەور کۆکردەوە. ئۆبرادۆر خۆى بە پاڵێورا لە دژى سیستمى باو و دەسەڵاتى نەریتیى وڵاتەکەى ناساند. ئەوانەش بوونە هۆى ئەوە، کە لە دواى ٧٠ ساڵ بۆ یەکەمجار پاڵێوراوێکى چەپڕەو بۆ پۆستى سەرۆکایەتیى کۆمار لە مەکسیکدا سەرکەوتن بە دەست بهێنێت و ببێتە سەرۆک کۆمار.

بەپێى ئامارە فەرمییەکان، لە ساڵی ٢٠١٧دا لە مەکسیک ٢٥ هەزار کەس کوژراون. لە ماوەى کەمپەینى هەڵبژاردنیشدا ١٤٥ سیاسەتمەدار کوژراون. بەرەبەیانى ئەمڕۆش ئەندامێکى ترى حیزبى کرێکار کوژرا.

لە مەکسیک مافیا و گەندەڵى بە هەموو دام و دەزگاکاندا بڵاوبووەتەوە. لەبەر ئەوەش سەرۆک کۆمارى چەپڕەو کارێکى قورس و دژوارى لە بەردەمدایە.

یەکێکى تر لە کێشەکان، قەیرانى کۆچبەرانە لەگەڵ دۆناڵد ترامپ سەرۆکی ئەمریکا و رێککەوتننامەى ئابووری و دیواری سنووریە لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا.

هاوکات لەگەڵ هەڵبژاردنى سەرۆکایەتیى کۆمار، هەڵبژاردنى پەرلەمان  و هەڵبژاردنى ناوچەیى و شارەوانییەکانیش بەڕێوەچوون. بەپێى ئەو ئەنجامانەى بڵاوکراونەتەوە، هاوپەیمانیەیکەى ئۆبرادۆر لە ٧ ویلایەت لە ٥ ویلایەتیاندا سەرکەوتنى بە دەستهێناوە و بەوەش چاوەڕێ دەکرێت هاوپەیمانیى "بزووتنەوەى نوێبوونەوەى نیشتمانی – مۆرینا" بە سەرۆکایەتیى ئۆبرادۆر لە کۆنگریسى مەکسیکدا ببن بە زۆرینە.

رێژەى بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکانى مەکسیدا ٦٣% بووە. بەپێى ئەنجامى راپرسییەکان، ٧ لە ١٠ى بەشداربووانى راپرسییەکان (سەدا ٧٠ى بەشداربووانى راپرسییەکان) سەرۆکایەتیى ئەنریکیو پینا نیتۆ-یان بە خراپ زانیبوو. حیزبەکەى نیتۆ لە ساڵى ١٩٢٩ تاوەکو ٢٠٠٠ دەسەڵاتدارى مەکسیک بووە و ئەو وڵاتەى بەڕێوەبردووە. لە ٢٠٠٠ تاوەکو ٢٠١٢ش حیزبە راستڕەوەکانى تر دەسەڵاتدارى مەکسیک بوون. دواتر حیزبەکەى نیتۆ لە ساڵی ٢٠١٢ تاوەکو ٢٠١٨ دیسانەوە دەسەڵاتى بە دەستهێنایەوە، بەڵام ئەمجارە گەل بە تەواوەتى متمانەى لەو حیزبانە و دەسەڵاتى لە مێژینەى وڵاتەکەیان سەندەوە.
ر.م