دیمستورا بانگهێشتی ڕووسیا، ئێران و توركیا ده‌كات بۆ كۆنگره‌ی جنێف

ستیڤان دیمستورا نوێنه‌ری تایبه‌تی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ كاروباری سووریا هه‌ریه‌كه‌ له‌ ڕووسیا، ئێران و توركیای بانگهێشت كرد بۆ كۆنگره‌ی جنێف كه‌ بڕیاره‌ ١١ و ١٢ی ئه‌یلوول به‌ڕێوه‌بچێت.

وته‌بێژی ستیڤان دیمستورا-ی نوێنه‌ری تایبه‌تی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان بۆ كاروباری سووریا ڕایگه‌یاند، دیمستورا بانگهێشتی ڕووسیا، ئێران و توركیای كردووه‌ بۆ كۆنگره‌ی جنێف به‌و مه‌به‌سته‌ی گفتوگۆ بكه‌ن ده‌رباره‌ی دانانی ده‌ستوورێكی نوێ بۆ سووریا و دروستكردنی كۆمسیۆنێك بۆ نووسینه‌وه‌ی ده‌ستوور.

پێشبینی ده‌كرێت چه‌ند وه‌ڵاتێكی دیكه‌ش به‌شداری بكه‌ن له‌ گفتوگۆكانی مانگی ئه‌یلوولی جنێف. ڕژێمی سووریا له‌گه‌ڵ ڕووسیا، ئێران و توركیا ده‌ستپێكی ساڵی ٢٠١٧ پێكه‌وه‌ ده‌ستیان به‌ گفتوگۆكانی جنێف و ئه‌ستانه‌ كرد، به‌ڵام له‌ رووی چاره‌سه‌ریی سیاسییه‌وه‌ نه‌ دیداره‌كانی جنێف و نه‌ دیداره‌كانی ئه‌ستانه‌ تا ئێستا نه‌یانتوانیوه‌ ئه‌نجامێكی سه‌ركه‌وتوانه‌ به‌ده‌ستبێنن.

دیداره‌كانی مانگی ئه‌یلوولی جنێف له‌كاتێكدا پلانیان بۆ داده‌نرێت كه‌ داعش نزیكه‌ی هه‌موو ئه‌و شوێنانه‌ی له‌ده‌ستداوه‌ كه‌ داگیری كردبوون. ڕژێمی سووریاش له‌م كاته‌دا ئاماده‌كاری بۆ ئۆپه‌راسیۆنی ئیدلب ده‌كات، كه‌ هێشتا له‌ژێر ده‌ستی ئه‌و چه‌تانه‌ دایه‌ كه‌ سه‌ر به‌ ده‌وڵه‌تی توركیان.

s.m