رێکخراوی تەندروستیى جیهانی: پێشکەوتن لە بەرەنگاربوونەوەى ڤایرۆسی کۆرۆنادا هەیە

رێکخراوى تەندروستیى جیهانی (WHO) لە کۆنفرانسێکى رۆژنامەوانیدا لە قاهیرەی پایتەختی میسر رایگەیاند، لە ئیدارەدان و بەرەنگاربوونەوەى ڤایرۆسی کۆرۆنا لە چین "پێشکەوتنى گەورە" لە ئارادایە.

ریچار برینان بەرێوەبەری رێوشوێنى بە پەلە بۆ ناوچەى رۆژهەڵاتى دەریای سپیی ناوەڕاست لە رێکخراوەى تەندروستیی جیهانی (WHO) لە کۆنفرانسێکى رۆژنامەنووسیدا لە شاری قاهیرەى پایتەختی میسر رایگەیاند "لە ماوەیەکى زۆر کورت دا پێشکەوتنى زۆر گەورەمان بەدەستهێنا".

تاوەکو ئێستا ٧٤ هەزار کەس تووشی  ڤایرۆسی کۆرۆنا (Covîd-19) بوون، کە سەدا ٩٩یان لە وڵاتى چین دان. ڤایرۆسەکە بە گشتی لە ٢٦ وڵاتدا بڵاوبووەتەوە و نزیکەى ٢ هەزار کەسیش بەهۆی ئەو ڤایرۆسەوە گیانیان لە دەستداوە.

هێشتا بۆ پێشگرتن  زۆر زوووە

لە بەردەوامیی کۆنفرانسە رۆژنامەنووسیەکەدا ئەحمەد ماندهاری بەڕێوەبەریى ناوچەى رێکخراوى تەندروستیى جیهانی وتی، ئیدی لە توانایاندا لە هەموو شوێنێک ڤایرۆسەکە بدۆزنەوە و سیستمی تەندروستی چالاکانە و کاریگەرانە دەستیان بە بەرەنگاربوونەوە کردووە.

هەروەها برینان وتیشی، سەرباری ئەو پێشکەوتنانە بۆ بەرەنگاربوونەوەى ڤایرۆسی کۆرۆنا، بەڵام هێشتا زۆر زووە بۆ ئەوەى بوترێت پێشگری لە ڤایرۆسەکە کراوە.

وەزارەتى تەندروستیى میسر و رێکخراوی تەندروستیى جیهانی لە هەفتەى رابردوودا تووشبوونی کەسێکیان لە میسر بە ڤایرۆسی کۆرۆنا راگەیاندبوو، بەڵام ئەمڕۆ وەزارەتی تەندروستیى میسر رایگەیاندووە، لە دواى پشکینینی دیکە ئەوە روون بووەتەوە، کە کەسەکە تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا نەبووە. سەرباری ئەوەش، رێکخراوەى تەندروستیى جیهانی لەوبارەیەوە رایگەیاندووە، ئیدی نەخۆش لە ڤایرۆسەکە رزگاری بووە، بەڵام لە دواى مانەوەى لە ژێر چاودێریدا بۆ ماوەى ١٤ رۆژ، رزگاربوونی تەواوەتیى کەسەکە بە شێوەى فەرمی رادەگەیەنین. دەستنیشانکردنى ئەو ڤایرۆسە لە میسر بووە یەکەم حاڵەتى تۆماری ئەو ڤایرۆسە لە ئەفریقا.

دکتۆر برینان لەبارەى ئەو زانیارییانەى لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا لەبارەى ڤایرۆسی کۆرۆناوە بڵاودەکرێنەوە وتی "لەبارەى ئەوەى کە ڤایرۆسەکە لە تاقیگەکاندا دروستکراوە، یان چەکێکى بایۆلۆژیکە، تاوەکو ئێستا هیچ بەڵگەیەک لە بەردەستدا نییە"، بەوەش سەرنجی خستە سەر ئەو قسەیە، کە دەوترێت ئەو ڤایرۆسە لەلایەن مرۆڤەوە دروستکراوە.

ژ.ت