زۆرینه‌ی گه‌لی ئه‌ڵمانیا دژی سه‌ردانی ئه‌ردۆغانن

به‌ گوێره‌ی لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ك ڕای گشتیی زۆرینه‌ی گه‌لی ئه‌ڵمانیا دژی سه‌ردانی ڕه‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان سه‌رۆك كۆماری توركیان بۆ ئه‌ڵمانیا.

ڕۆژنامه‌ی «دی ڤێلت»ی ئه‌ڵمانیا لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی كردووه‌ ده‌رباره‌ی بۆچوونی گه‌لی ئه‌ڵمانیا سه‌باره‌ت به‌ سه‌ردانی ئه‌ردۆغان بۆ ئه‌و وه‌ڵاته‌. كۆمپانیای Civey كه‌ تایبه‌تمه‌نده‌ به‌ لێكۆڵینه‌وه‌ی ڕای گشتی بۆ ڕۆژنامه‌كه‌ زه‌مینه‌سازیی ڕاپرسییه‌كی كردووه‌ و به‌ گوێره‌ی ڕاپرسییه‌كه‌ له‌ ٣ كه‌س له‌وانه‌ی به‌شداری ڕاپرسییه‌كه‌ بوون، ٢ كه‌سیان نایانه‌وێ ئه‌ردۆغان سه‌ردانی ئه‌ڵمانیا بكات. به‌شێوه‌یه‌كی دیكه‌ ٦٩%ی به‌شداربوان دژی سه‌ردانی ڕه‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغانی سه‌رۆك كۆماری توركیان بۆ ئه‌ڵمانیا.

له‌ پسووڵه‌ی ڕاپرسییه‌كه‌دا پرسیاری «ئه‌ردۆغان بێته‌ ئه‌ڵمانیا؟» كراوه‌ و ڕێژه‌ی ٢٤%ی به‌شداربوان وه‌ڵامی «ئه‌رێ»یان داوه‌ته‌وه‌ و ٧%ی به‌شداربوانیش بێ بڕیارن.

هه‌رچه‌نده‌ هێشتا كاتی سه‌ردانی ئه‌ردۆغان بۆ ئه‌ڵمانیا ده‌ستنیشان نه‌كراوه‌، به‌ڵام وته‌بێژی فرانك-ڤالته‌ر شتاینمایه‌ر سه‌رۆك كۆماری ئه‌ڵمانیا ڕایگه‌یاند، ماوه‌یه‌كی درێژه‌ ئه‌ردۆغان بانگهێشت كراوه‌. ئه‌م سه‌ردانه‌ چاوه‌ڕوانكراوه‌ی ئه‌ردۆغان گوتوبێژی زۆری له‌نێو لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان و مێدیای ئه‌ڵمانیادا هێناوه‌ته‌ ئاراوه‌.

ڕۆژنامه‌ی «بیلد»ی ئه‌ڵمانیا بڵاویكرده‌وه‌، ئه‌ردۆغان سه‌ردانێكی فه‌رمی بۆ ئه‌ڵمانیا ده‌كات. پلان داده‌نرێت كه‌ سه‌ردانه‌كه‌ له‌ كۆتایی مانگی ئه‌یلوول بكرێت و به‌ پڕۆتۆكۆلێكی گه‌وره‌ی ده‌وڵه‌ت پێشوازی لێ بكرێت. جه‌م ئۆزده‌میر هاوسه‌رۆكی پێشووی پارتی سه‌وزی ئه‌ڵمانیا به‌ مێدیاكانی ئه‌ڵمانیای ڕاگه‌یاند، ئه‌ردۆغان سه‌رۆكێكی ئاسایی ده‌وڵه‌ت نییه‌، ئه‌و دیكتاتۆرێكه‌ و پێویسته‌ به‌ گوێره‌ی ئه‌وه‌ پێشوازی لێ بكرێت.

s.m