سیاسەتەکانی جۆنسۆن دەبنە هۆی گیان لەدەستدانى ٧٠ هەزار کەس لە بەریتانیا

بەپێى لێکۆڵینەوەیەک چاوەڕێ دەکرێت بەهۆی سیاسەتەکانى حکومەت بۆ بەرەنگاربوونەوەى ڤایرۆسی کۆرۆنا تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ ٧٠ هەزار کەس لە بەریتانیا گیانیان لەدەست بدەن.

بەپێى لێکۆڵینەوەیەکى کاڵجی زانکۆی لەندەن، سیاسەتەکانى بۆریس جۆنسۆنی سەرۆک وەزیران کە بە پێداگرییەوە بەڕێوەدەچێت دەبێتە هۆی گیان لەدەستدانى دەیان هەزار کەس.

جۆنسۆن تاوەکو رۆژی یەکشەممە لە دژی داخستنی باڕەکان، چێشتخانەکان و کارگەکان و ....هتد بوو، رایگەیاندبوو، ئەگەر ٦٠ بۆ ٧٠ لەسەدی کۆمەڵگە تووشی ڤایرۆسەکە ببن ئەوا 'سیستمی خۆپاراستنى کۆمەڵگە' بەهێز دەبێت. جۆنسۆن راشیگەیاندبوو، ڤایرۆسەکە دەتوانێت کەسە بە تەمەنەکان و کەسە نەخۆشەکان بکوژێت. بەو قسانەش لێکدانەوەى ئەوەى بۆ دەکرا، کە جۆنسۆن لە پێناو بەرگرتن لە زیانی ئابووری سەدان هەزار کەس بە کوشت دەدات.

رەنگە تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ ٧٠ هەزار کەس گیان لەدەست دەدەن

دواى ئەوەى ژمارەی قوربانیان ڤایرۆسی کۆرۆنا زیادیکرد، حکومەتى جۆنسۆن ناچار بوو پاشەکشە بکات، بەڵام سەرباری ئەوەش کەرەنیتنە و رێوشوێنەکانى حکومەت زۆر کەم و لاوازن. بەپێى لێکۆڵینەوەى کاڵجی زانکۆی لەندەن، بەهۆی سیاسەتەکانى بۆریس جۆنسۆنەوە ئەگەری ئەوە هەیە تاوەکو کۆتایى ئەمساڵ ٧٠ هەزار کەس بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا (Covîd-19) گیانیان لەدەست بدەن.

لە لێکۆڵینەوەکەدا ئەوەش راگەیاندراوە، مرۆڤەکانى سەرو تەمەن ٧٠ ساڵ نەخۆشیی قورسیان هەیە و ئەوانەش یەک لەسەر پێنجی دانیشتوانى بەریتانیا پێکدەهێنن. ئەو مرۆڤانە لە ژێر مەترسیدان و ئەگەر رێوشوێن نەگیرێتە بەر لە هەلومەرجی ئاساییدا بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە ٦٠٠ هەزار کەسیان تاوەکو کۆتایی ساڵ گیانیان لەدەست دەدەن.

ئەو بڕیارانەى لە سەرەتای ئەم مانگەدا لە ئیتالیا بۆ پێشگرتن لە ڤایرۆسی کۆرۆنا دران و کاریان پێکرا لەم هەفتەیەدا لە فەرەنسا و ئەڵمانیاش پەسەند کران  خرانە بواری جێبەجێکردنەوە. لەو وڵاتانەدا ملیۆنەها کەس هاندەدرێن کە لە ماڵەکانیاندا بمێننەوە. چەندین کەرتی جۆراوجۆر راگیراون، بەڵام بڕیاری داخستنی باڕەکان، کافییەکان، چێشتخانەکان لە بەریتانیا لە یەکشەممەدا درا و بڕیاری داخستنی خوێندنگەکانیش لە ١٨ی ئاداردا درابوو.

ژمارەى ئەو کەسانەى تاوەکو ئێستا لە بەریتانیا بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە گیانیان لە دەستداوە گەیشتوەتە ٣٣٠ کەس.

ژ.ت