سەربازێک لە تایلاند ٢٦ هاووڵاتیى کوشت

لە باکووری رۆژهەڵاتى تایلاند سەربازێک تەقەى لە هاووڵاتییان کرد و بەو هۆیەوە بەلانیکەمەوە ٢٦ کەس کوژران و ٥٧ کەسی تریش بریندار بوون. سەربارزە هێرشبەرەکەش لەلایەن پۆلیسی ئەو وڵاتەوە کوژرا.

پرایوت چان ئۆچا سەرۆک وەزیرانى تایلاند رایگەیاند، بەهۆی ناکۆکی لەسەر زەوییەک ئەو هێرشە روویداوە. بەو هۆیەوە ٢٦ کەس کوژراون و ٥٧ کەسی تریش بریندار بوون.

هێرشبەرەکە تەمەنی ٣٢ ساڵ بووە و دوای هێرشەکەى لە شاری ناهۆم راتساچیم (کۆرام) چووەتە فرۆشگەیەک بە ناوی تەرمیناڵی ٢١ و دواتر لەلایەن پۆلیسەوە گەمارۆدراوە و کوژراوە.

سەرۆک وەزیرانى تایلاند چووەتە شوێنى رووداوەکە و رایگەیاندووە "لە تایلاند روداوی لەو شێوەیە تاوەکو ئێستا رووی نەداوە و ئومێدەوارم قەیرانى لەو جۆرە روو نەداوەتەوە و کۆتایى پێ بێت".

ئانوتین چارنڤیراکول وەزیری تەندروستیى تایلاندیش لە فەیسبوک نوسیویەتى "سپاسی پۆلیس و سوپا دەکەم بۆ کۆتاییهێنان بەو دۆخە". راشیگەیاندووە، هێرشبەرەکە کوژراوە.

 هێرشبەرەکە سەرەتا چووەتە ناو ماڵێک و لەوێ ٢ کەسی کوشتوە و دواتر چووەتە بنکەیەکى سەربازی و تەقەى هەڕەمەکیى کردووە.

بەپێى ئەو دیمەنانەى لە میدیاکانی ئەو ناوچەیەدا بڵاوکراونەتەوە، هێرشبەرەکە لە بەردەم فرۆشگەیەک لە ئۆتۆمبێلێک دابەزیوە و چەندجارێک تەقەى لە دەوروبەری خۆی کردووە و بەو هۆیەوە شڵەژانێکى زۆری دروستکردووە.

هێرشبەرەکە ناوی جاکا پانته تۆما بووە و پێش ئەوەى فەیسبوک هەژمارەکەى دابخات، وێنە و پەیامی خۆی بڵاوکردووەتەوە لە پەیامەکانیدا هاتووە "تۆ ناچاری بیدەی بە من" ، "کەس ناتوانێت لە دەستم هەڵبێت" و سەرەخۆشیشی لە قوربانیانی هێرشەکەى کردووە.

لەو شارەدا کە ئەو رووداوە روویداوە، یەکێک لە گەورەترین بنکە سەربازییەکانى وڵاتی تایلاندی تیادایە.

ژ.ت