"فەرەنسا هاوبەشە لە فشارخستنە سەر شۆرشگێڕانی میسر"

بەگوێرەی ڕاپۆرتێک کە لەلایەن زۆرێک لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانەوە بڵاوکراوەتەوە، ئەو چەک و تەکنەلۆژیایە، کە فەرەنسا پاش شۆڕشی ساڵی ٢٠١١ ی میسر، بە حکومەتى قاهیرەى فرۆشتووە، سیاسەتی زۆرداریی و بکوژی لە میسر قورستر کردووە.

ڕاپۆرتەکە لە ٦٤ پەڕە پێکدێت و لەلایەن هەریەک لە فیدراسیۆنى جیهانیى کۆمەڵەکانى مافى مرۆڤ (FIDH)، پەیمانگای لێکۆڵینەوە لە مافەکانی مرۆڤ لە قاهیرە (CIHRS)، لیگای مافەکانی مرۆڤ (FDH) و ڕێکخراوی چاودێریی پڕچەککردن (Obsarm)ەوە ئامادە کراوە و ڕەخنەی تووند لە دەوڵەتی فەرەنسا و کۆمپانیا فەرەنسییەکان گیراوە.

لە ڕاپۆرتەکەدا بانگەشەی ئەوە دەکرێت، دەوڵەت و کۆمپانیاکانی فەرەنسا فشار و زۆرداریی ئەم پێنج ساڵەی دواییان لە وڵاتی میسر سەختر و قورستر کردووە. ڕاشگەیەندراوە، ساڵی ٢٠١٠ بە بڕی ٣٩ ملیۆن یۆرۆ چەک بە میسر فرۆشرابوو، بەڵام لە ساڵی ٢٠١٦دا ئەو ڕێژەیە زیادیکرد و بە بڕی یەک ملیار و ٣٠٠ ملیۆن یۆرۆ چەک لەلایەن فەرەنساوە بەو وڵاتە فرۆشراوە.

لەلایەکی ترەوە، لە ڕاپۆرتەکەدا بانگەشەی ئەوەش دەکرێت، لە سایەی ئەو تەکنەلۆژییایەی کە فەرەنسا بە میسری فرۆشتووە، دەوڵەتی میسریش لە بەرامبەر ئۆپۆزسیۆن ڕێوشوێنی تووندی گرتووەتە بەر و چاودێریی دەستپێکرد و بەوەش توانی ڕێگە لە ئۆپۆزسیۆن بگرێت.

بە هاوکاریی فەرەنسا ئێستا فشار لە نەوەی شۆڕشگێڕان دەکرێت

لە بەردەوامی ڕاپۆرتەکەدا هاتووە "شۆڕشی ساڵی ٢٠١١ (بەهاری عەرەبی) بە سایەی نەوەی نوێ و گەنجانەوە کە لەسەر تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووکەوە لەناو پەیوەندیدا بوون، ئەنجام درا. فەرەنسا لە ئێستادا هاوکاریی سیستمی میسر دەکات بۆئەوەی فشار بخاتە سەر نەوەی نوێ".

سەرەتای ساڵی ٢٠١١، لە مەیدانی تەحریر، لە دژی حوسنی موبارەک، کە ساڵی ١٩٨١ بە سەرۆک کۆماری میسر هەڵبژێردرابوو، خۆپیشاندانی جەماوەریی ئەنجام درا و لە ئاکامیشدا دەسەڵاتدارێتیی چەند ساڵەی موبارەک لەناو برا. پاشان بە بەشداریەکی کەمی دەنگدەران، ئەندامی 'ئیخوان موسلیمین' محەمەد مورسی وەک سەرۆک کۆمار هەڵبژێردرا. لە تەموزی ساڵی ٢٠١٣دا لەلایەن سەرۆکی فەرماندەی گشتیی هێزەکانی ئەو وڵاتەوە عەبدولفەتاح سیسی کودەتایەکى سەربازى ئەنجامدار و دەسەڵاتى ئیخوانى لەناوبرد. پاشانیش سزای سێدارەی بۆ محەمەد مورسی و چەندین ئەندامی تری 'ئیخوان موسلیمین' دەرکرد.

ر.م