فەڕەنسا: هەڕەشەکانی تورکیا قبوڵناکرێن

ژین – یوڤیس لی دراین وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا هەڵوێستی لەدژی هەڕەشەکانی تورکیا لە ڕێگەی پەنابەرانەوە پیشاندا و وتی، "هەڕەشەکانی تورکیا مایەی قبوڵکردن نین."

لی دراین لە پەرلەمانی فەڕەنسا قسەی کرد و وتی، "بە هیچ شێوەیەک قبوڵناکرێت تورکیا پەنابەران وەک هەڕەشە و کارتی فشاری لەدژی ئەوروپا بەکاربهێنێت.

هەروەها ڕاشیگەیاند، تورکیا پەنابەران لە ناو خاکەکەیدا بۆ بەرژەوەندیەکانی بەکاردەهێنێت.

دوای ئەوەی دەوڵەتی تورکیا دەرگاکانی ئەوروپای بە ڕووی پەنابەراندا کردەوە، فەڕەنسا هاوکاری بۆ یونان دەستپێکرد. لی دراین وتی، "ئەو دۆخەی سەر سنوری یونان دروست بووە کاریگەری لە سەر هەموو ئەوروپا دروست کردووە. ئێمە ڕامانگەیاند کە پشتگیری لە تورکیا دەکەین، بەڵام ئەمە یەکلایەنە نابێت و پێویستە دوولایەنە بێت. نابێت بەرپرسانی تورک ئەم بابەتە بەکاربهێنن.

ڕۆژی دووشەمەش مارگاریتیس سچیناس کۆمسیاری پەنابەرانی یەکێتی ئەوروپا لەدژی تورکیا وتبووی، "هیچ کەسێک ناتوانێت هەڕەشە لە یەکێتی ئەوروپا بکات."

ف.ق