لۆدریان: دۆسیەی تورکیامان ئامادە کردووە

جان ئیڤ لۆدریان وەزیری دەرەویی فەڕەنسا ڕایگەیاند کە پرسی سەرەکی کۆبوونەوەی یەکێتی ئەوروپا لە کۆتایی مانگی ئەیلولدا تورکیا دەبێت و تەئکید لەسەر فشارەکان دەکرێتەوە.

کۆبونەوەی کۆنسەی ئەروپا کە سەرۆکوەزیر و سەرۆک کۆمارەکانی هەموو وڵاتانی ئەندام لە یەکێتی ئەوروپادا بەشداری دەکەن لە ٢٤ – ٢٥ ئەیلولدا ئەنجام دەدرێت.

جان ئیڤ لۆدریان وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا بۆ ڕادیۆی فڕانس ئینتەر قسەی کرد و وتی،" لە کۆتایی ئەم مانگەدا کۆنسەی ئەوروپا لەبارەی دۆسیەی تورکیا کۆدەبێتەوە.

جان ئیڤ لۆدریان باسی ئەوەی کرد،"بۆئەوەی بتوانین فشار لەسەر تورکیا دروست بکەین، چەند ڕۆژ لەمەوبەر وەزیرەکانی دەرەوەی وڵاتانی ئەوروپا لە بەرلین دۆسیەیەکیان ئامادە کردبوو."

فەڕەنسا و وڵاتانی تری ئەوروپا لەسەر پرسی لیبیا، کۆچبەران و گەڕان بەدوای گازدا لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست کێشەیان لەگەڵ دەوڵەتی تورک هەیە.

ئێمە بێچارە نین، ئەردۆغان باش دەزانێت

جان ئیڤ لۆدریان وتی،"ئێمە ئەم شتە بە تورکیا دەڵێین، لە کۆنسەی ئەوروپا باس لە فراوانی گفتوگۆکان لەبارەی جموجووڵی تورکیا لە دەریای ناوەڕاست دەکرێت. گفتوگۆش لە دەستی تورکیادایە."

لۆدریان دەشڵێت، "دەتوانین هەندێک ڕێوشوێن بگرینە بەر. ئێمە بێچارە نین و ئەردۆغانیش ئەوە باش دەزانێت."