لە بەلجیکا ٣ کەس بە تۆمەتی ئەنجامدانی کۆمەڵکوژییە گەورەکەى رواندا دەستگیرکران

لە بەلجیکا ٣ کەس بە تۆمەتی بەشداریکردن لە کۆمەڵکوژییە گەورەکەى رواندا دا دەستگیرکران.

ساڵی ١٩٩٤ لە رواندا کۆمەڵکوژییەک لەلایەن رژێمی موحافیزکاری هوتوکانەوە ئەنجامدرا، کە زیاتر لە ٨٠٠ هەزار کەس، کە زۆربەیان لە گەلی توتسی بوون، کومەڵکوژکران.

داواکاری گشتیی بەلجیکا رایگەیاند، ٣ کەسی تۆمەتبار بە ئەنجامدانی کۆمەڵکوژیی رواندا دەستگیرکراون و لێکۆڵینەوە لەبارەی تۆمەتەکەیانەوە دەستی پێکردووە.

بەرپرسانی بەلجیکی رایانگەیاندووە، ٢ کەس لە تۆمەتبارەکان رۆژی سێشەممەی رابردوو لە شاری بروکسلی پایتەختی بەلجیکا دەستگیرکراون و کەسێ سێیەمیش رۆژی چوارشەممە لە شاری هایناوت دەستگیرکراوە.

لەبارەی ناسنامەى کەسە دەستگیرکراوەکان هیچ زانیارییەک بڵاونەکراوەتەوە، بەڵام دەوترێت بە لانیکەمەوە ٤٠ شایەتحاڵ، شایەتیان داوە، کە ئەو کەسە دەستگیرکراوانە دەستیان لە کۆمەڵکوژییەکەى رواندا لە ساڵی ١٩٩٤دا هەبووە.

ژ.ت