لە بەنگلادیش بەهۆی بارانەوە یەک لەسەر سێی وڵات کەوتە ژێرئاوەوە

لە بەنگلادیش کە بارانی وەرزی بووەتە هۆی دروستبوونی لافاو، یەل لەسەر سێی وڵات کەوتووەتە ژێرئاوەوە. بە ملیۆنان هاوڵاتیش ماڵ و حاڵیان بەجێهێشتووە.

لە بەنگلادیش کە زۆربەی شار و شاروچکەکانی لە دەوروبەری ڕووبار و دەریا دروستکراون، بارانی وەرزی کاریگەریەکی زۆری لەسەر دروستکردووە. لەنێوان مانگی حوزەیران و مانگی ئەیلولدا یەک لەسەر سێی خاکی بەنگلادیش ژێرئاو کەوتووە.

بە پێی ئامارەکانی دەزگای کەش و هەوا و دژی لافاوی بەنگلادیش، بارانی ئەمساڵی بووەتە هۆی کارەساتی گەورە کە لە ماوەی ١٠ ساڵی ڕابردوودا وێنەی نەبووە. بەرپرسانی بەنگلادیش باسی ئەوە دەکەن کە ئاوی ڕووبارەکانی گانژ و براهماپور چەند قات زیادیان کردووە.

ڕاگەیەنرا یەک لەسەر سێی خاکی وڵات ژێرئاو کەوتووە و پێشبینیدەکرێت ئەو ڕێژە بگاتە ٤٠%.

لە بەنگلادیش هەموو ساڵیک بە سەدان کەس بەهۆی لافاوەوە گیانیان لەدەست دەدەن.

ف.ق