لە تایلاند ئەو منداڵانە دۆزرانەوە کە لە ئەشکەوتدا گیریان خواردبوو

لە باکووری تایلاند ئەشکەوتێک بوو بە ژێر ئاوەوە و ١٢ منداڵ و ڕاهێنەری تۆپی پێی ئەو منداڵانە لەناو ئەشکەوتەکەدا گیریان خواردبوو. لە ئێستادا ئەو منداڵانە دۆزراونەتەوە و ڕاشگەیەندرا، کە منداڵەکان سەلامەتن.

پارێزگاری هەرێمی چیانگ رای لە وڵاتی تایلاند ڕایگەیاند، لە ئێستادا چیتر هەڕەشە لەسەر ژیانی ئەو ١٣ کەسە نەماوە. بۆئەوەی منداڵەکان بتوانن ڕزگار بکرێن دەبێت ٣ کیلۆمەتری تر ڕێگا ببڕن و هەتا ئەو کاتەش تیمەکانی ڕزگارکردن لە ئەشکەوتەکەدا لەگەڵ منداڵەکان دەمێننەوە". دەستنیشان کرا کە ڕێگاکەش ژێر ئاو کەوتووە.

پارێزگاری ئەو پارێزگایەی وڵاتی تایلاند وتیشی "ئێمە خواردنمان بۆ ڕەوانە کردوون، بەڵام باوەڕ ناکەم هیچیان بۆ بخورێت، چونکە دەمێکە هیچیان نەخواردووە".

١٢ منداڵ کە تەمەنیان لەنێوان ١١ بۆ ١٦ ساڵیدایە، لە ڕۆژی ٢٣ی حوزەیراندا پاش ڕاهێنانی تۆپی پێ، ڕۆشتبوونە ئەشکەوتی 'تام لوانگ' لە نێوان میانمار و لائۆس. بەڵام بەهۆی بارینی بارێنێکی زۆرەوە، ئەشکەوتەکە ژێر ئاو کەوت و ئەو ١٢ منداڵە و ڕاهێنەرەکەیان لەناو ئەشکەوتەکەدا گیریان خوارد.

ئەو ئەشکەوتە بە گشتیی ١٠ کیلۆمەتر درێژە. تیمەکانی ڕزگارکردنی ئەو پارێزگایەی تایلاند، چەندین ڕۆژ هەوڵیاندا بچنە ناو ئەشکەوتە گەورەکەوە، بەڵام بەهۆی باران بارینی زۆرەوە کاری گەڕان بەدوای ئەو مندڵانە و ڕاهێنەرەکەیاندا بە سەختی بەرەوپێش دەڕۆیشت.

ر.م