لە فەرەنسا خۆپیشاندانی جەماوەری و قەرەباڵغ قەدەغە کرا

لە فەرەنسا بە هۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە خۆپیشاندانێک کە ژمارەى بەشداربوانی لە هەزار کەس زیاتر بێت قەدەغە کرا.

دواى کۆبوونەوەى ئەنجوومەنى ئاسایشی فەرەنسا لە کۆشکی ئیلزێ، وەزیری تەندروستی ئۆلیڤێر ڤێرن رایگەیاند "لە ئاستی نیشتمانیدا خۆپیشاندانێک کە زیاتر لە هەزار کەس تیایدا بەشدار بێت لە ئێستا بە دواوە قەدەغەیە".

تاوەکو ئێستا خۆپیشاندان بە بەشداریى ٥ هەزار کەس قەدەغە کرابوو. لەبەر ئەوەش زۆرێک لە چالاکییەکان هەڵوەشێنرابوونەوە. یەکێک لە چالاکییەکانیش پێشانگای کتێب بوو لە نێوان ٢٠ بۆ ٢٣ی ئادار.

بەپێى ئەو پرۆژە بڕیارە، کە رۆژی شەممە واژۆ کراوە، ئەو قەدەغەکارییە کە تاوەکو ٣١ی ئادار بەردەوامیی دەبێت و ١٥ رۆژ زیاتر لەوەى کە پێشتر پلانى بۆ دانرابوو، وادەکەی درێژکراوەتەوە.

چاوەڕێ دەکرێت بڕیارەکە کاریگەریی لەسەر پێشبڕکێی جەماوەریی پی سی جی – دۆرتموند و پێشبڕکێی ناتیۆنس بکات.

ڤایرۆسی کۆرۆنا، کە لە چین سەریهەڵدا بە دەیان وڵاتدا بڵاوبوویەوە و لە فەرەنسا تاوەکو ئێستا ١٢٠٩ کەس تووشی ڤایرۆسەکە بوون و ١٩ کەسیش بەهۆی ئەو ڤایرۆسەوە گیانیان لەدەستداوە. هەروەها بەهۆی ئەو ڤایرۆسەوە ژمارەیەکى زۆر لە خوێندنگاکان داخران و ئەوەش کاریگەریى لەسەر خوێندنی ٣٠٠ هەزار خوێندکار کردووە.

ژ.ت