لە نێو دارستانەکانی ئەمازۆن خێڵێکی نوێ دۆزرایەوە

لەسەر سنوری نێوان هەردوو وڵاتانی بەرازیل و پیرۆ، لە دارستانەکانی ئەمازۆن، خێڵێکی نوێی خۆجێی دۆزرایەوە.

دەزگای پاراستنی ژیانی نێو سروشت لە ئەمەریکای باشوور، ڕایگەیاند: لە نێوان وڵاتانی بەرازیل و پیرۆ، لە دارستانە پانوپۆڕەکانی ئەمازۆن دا، خێڵێکی نوێی خۆجێیان دۆزوەتەوە.

لەوبارەوە وەقفی نەتەوەی بۆ خۆجێییەکان کە سەر بە حکومەتی بەرازیلە هەواڵەکەی پشتڕاست کردوە و ڕایگەیاند: خێڵە نوێ دۆزراوەکە هیچ پەیوەندیەکی بە دنیای دەرەوە نەبووە و نییە و دۆزینەوەشیان لەلایەن فڕۆکەی پشکنینەوە بووە کە بەسەر ئاسمانی ئەو هەرێمەدا سووڕاونەتەوە.

حکومەتی بەرازیلیش بە شێوەیەکی فەرمی ڕایگەیاندوە: کە ڕۆژی سێشەممەی ڕابردوو، ئەو خێڵە نوێیە لە دەوروبەری چەمی ژاڤاری دۆزراوەتەوە کە دەکەوێتە سەر سنوری نێوان هەردوو وڵاتی بەرازیل و پیرۆ.

هەواڵ و دیمەنی دۆزینەوەی ئەو خێڵە نوێیە، سەرەتا لەسەر ماڵپەڕی نیویۆرک تایمز بڵاوکرایەوە و لە دیمەنەکاندا دەردەکەوێت کە ئەو زەویانەی خێڵەکەی تێدا دۆزراوەتەوە هێشتا کوشتوکاڵی تێدا نەکراوە و بە سروشتی ماوەتەوە.  لەلایەکی ترەوە، دەزگاکانی ڕاگەیاندنی بەرازیلیش چەندین وێنەی ئەو خێڵە نوێیەیان بڵاوکردەوە، کە تێیاندا دەردەکەوێت کە شتێک لە دەستی کەسانی ئەو خێڵە دایە کە پێدەچێت لە بەرد دروست کرا بێت.

لەو هەرێمەی خێڵە نوێکە دۆزراوەتەوە، پێشتر 
هەشت خێڵی دیکە دۆزراونەتەوە کە لە خێڵەکانی دیکە و دنیای دەروەی خۆیان پەیوەندییان دروست کردووە. بەڵام هێشتا ۱۱ خێڵ و هۆزی دیکە هەن، کە تا ئێستا ژیانی ئاسایی خۆیان بەردەوامی پێ داوە و هیچ تێکەڵیی و پەیوەندییەکیان بە دنیای دەرەوە و کەسانی هەرێمەکانی ترەوە نییە. بەرپرسانی ئەو هەرێمانەش گەرەنتی ئەوەیان داوە کە ئەو خێڵ وهۆزانەی کە نایانەوێت پەیوەندیی بە جیهانی دەرەوە بکەن و تێکەڵی کەسانی هەرێمەکانی تر بکەن، بە هیچ شێوەیەک پەیوەندییان لەگەڵ دروست ناکرێت و لێیان دەگەڕێن کە بە ئارامی بەردەوامی بە ژیانی خۆیان بدەن.

بە گوێرەی ئەو لێکۆڵێنەوانەی کە تا ئێستا ئەنجام دراون، ئاشکرا کراوە کە ڕاوکەرکان، جوتیارەکان، ئەو کەسانەی بەدوای زێڕ دا دەگەڕێن و بازرگانانی دار و تەختە، هەڕەشەی جدین بۆ،سەر ژیان و ژینگەی خێڵ و هۆزە خۆجێیەکانی نیشتەجێی داستانە چڕ و پان وبەرین و باراناویەکانی ئەمازۆن. بەهۆی ئەوەشەوە ژمارەیک لە ئەندامانی خێڵە خۆجێیەکان  کوژراون و ڕووبەرێکیش لە شوێنی نیشتەجێبوونیان لەدەست داوە.

هـ.هـ