لە هۆڵەندا بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە ملیۆنەها گوڵ لەناو دەبرێن

یەکێکی تر لەو وڵاتانە، کە بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا (Covîd-19) لە رووی ئابووریەوە گەیشتووەتە دۆخی راوەستان، وڵاتی هۆڵەندایە. هۆڵەندا سەرەکیترین سەرچاوەی دابینکردنی گوڵە لە دونیادا، بەڵام ئێستا بەهۆی ئەو ڤایرۆسەوە دەبێت ملیۆنەها گوڵ لەناو ببات.

بەپێى راگەیاندراوی هەرەوەزیی باخچەکانی رۆیاڵ فلۆراهۆڵەندا، کە سەرەکیترین باخچەکانى گوڵی لە هۆڵەندا هەیە، داواى گوڵ دابەزیوە بۆ نزمترین ئاستی خۆی.

میچیل ڤان سچی وتەبێژی هەرەوەزیی باخچەکانى رۆیاڵ فلۆراهۆڵەندا رایگەیاند، بەهۆی کەمبوونەوەى داواى گوڵ ناچارن سەدا ٧٠ بۆ ٨٠ی گوڵەکانیان لە ناو ببەن.

بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا (Covîd-19) زۆربەى وڵاتانى ئەوروپا دەکەونە کەرەنتیە و بەو هۆیەشەوە تووشی دۆخێکى قەیراناوی بەرفراوان بوون. لەبەر ئەوەش داوای گوڵ لە وڵاتانیى ئەوروپا و سەرتاسەری جیهانەوە کەمبووهتەوە و بەرهەمێنەرانى گوڵ و تۆی گوڵیش چاوەڕێی "ئەنجامی خەمناکن" بۆ کار و پیشەکەیان.

پریسکا کلیژن بەڕێوەبەری فەرمانگەى کۆمەڵەى بەرهەمهێنانى گوڵ و تۆوی گوڵ لە شانشینی هۆڵەندا (KAVB) رایگەیاند، وەرزی چاندن لە مانگی کانوونی دووەمەوە تاوەکو مانگی نیسان دەستپێدەکات و دەستدەکەن بە گوڵدان و گوڵکردن.

کلیژن راشیگەیاند، بە بۆنەی رۆژی دایک و ٢١ی ئادار و سەرەتای مانگی ئایارەوە خۆیان بۆ بەرهەمێنانێکى زۆری گوڵ ئامادە کردبوو، بەڵام ئێستا بەهۆی قەیرانی ڤایرۆسی کۆرۆناوە، کە لە هەستیارترین کاتی ساڵدا سەریهەڵداوە، ناچارن گوڵەکانیان لە ناو ببەن.

لەبەر ئەو دۆخەش و نەبوونی موشتەری لەسەرتاسەری جیهان و ئەوروپاوە لە هۆڵەندا ملیۆنان گوڵی جۆراجۆری وەک هەڵاڵە، لالە، گوڵی زەرد، گوڵی داودی و... هتد بەناچار لە ناو دەبرێن.

ژ.ت