لە هەر ٧ نەخۆشی شەکرە یەکێکیان بەهۆى پیسى هەواوە تووشى ئەو نەخۆشییە بووە

بەپێى لێکۆڵینەوەیەک لە هەر ٧ کەسى تووش بوو بە نەخۆشیى شەکرە (دیابت)، کەسێکیان بەهۆى پیسى هەواو و گۆڕینى کەش و هەواوە تووشى ئەو نەخۆشییە بووە.

زانکۆى پزیشکیى واشنتۆن لە شاری سێنت لویسی ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا رایگەیاند، لە ساڵی ٢٠١٦دا و بەهۆی بەرزبوونەوەى پلەکانى گەرماوە ٣ ملیۆن و ٢٠٠ هەزار کەس تووشى نەخۆشى شەکرە (دیابت) بوون. ئەوەش بە ماناى ئەوەیە، کە ١٤%ى تووشبوان بە نەخۆشیى شەکرە بەهۆى پیسبوون و گۆڕینى کەش و هەواوە تووشى ئەو نەخۆشییە بوون.

لێکۆڵینەوەکەى ئەو زانکۆیە لە گۆڤاری (The Lancet Planetary Health) بڵاوکراوەتەوە و لەبارەى پەیوەندیى نێوان نەخۆشیى شەکرە و پیسبوونى هەواوە تیایدا نووسراوە "ئێمە گەیشتووینەتە ئەو ئەنجامە، کە پیسبوونى کەش و هەوا کاریگەریى خراپ دەکاتە لەسەر دروستبوونى ئەنسۆلین لە جەستەى مرۆڤدا. کەمبوونەوەی ئاستى ئەنسۆلین دەبێتە هۆى ئەوە گلیکۆز (شەکری) خوێن نەسوتێت و بەو هۆیەوە، مرۆڤ تووشى نەخۆشیى شەکرە دەبێت".

لێکۆڵینەوەکە لەسەر ملیۆنێک و ٧٠٠ هەزار سەربازی ئەمریکی کە لە ناوچە جیاجیاکانى جیهاندا بوون ئەنجامدراوە و ماوەى لێکۆڵینەوەکەش ٨ ساڵ و نیوی خایاندووە.

بەپێى ئەنجامى ئەو لێکۆڵینەوەیە، گۆڕینى کەش و هەوا و پیسبوونى هەوا کاریگەریى راستەوخۆى لەسەر تەندروستى مرۆڤ و کارلێکە ناوخۆی و رژێنەکانى جەستەى مرۆڤ دەبێت و یەکێک لە کاریگەرییەکانیشى کەمبوونەوە یان لاوازیى دەردانى ئەنسۆلینە، کە ئەوەش دەبێتە هۆی دروستبوونى نەخۆشیى شەکرە.

ئاماژە بەوەشکراوە، لە وڵاتانى هێندستان، پاپوا گینێی نوێ، ئەفغانستان و گویان ژمارەى تووشبوان بەنەخۆشیى شەکرە بەرزە، چونکە کەش و هەوای ئەو وڵاتانە پیسە، بەڵام لە وڵاتانى فەرەنسا، فینلاند و ئایسلاند، کە کەش و هەوایان پاکە، رێژەى تووشبوون بە نەخۆشیى شەکرە کەمترە.

ر.م