ماکرۆن: دژی دەستێوەردان لە لیبیا هاوکاریی ئەڵمانیا و ئیتاڵیا دەکە

شەوی ڕابردوو، ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆک کۆماری فەرەنسا لە تویتێکدا ئاماژەی بەوەدا، کە بۆ پێشگرتن لە دەستێوەردانی دەرەکی لە لیبیا لەگەڵ ئەڵمانیا و ئیتاڵیا کاردەکەن.

ماکرۆن نووسیویەتی: “لەگەڵ ئەنگلا مێرکل و جۆزپێ کۆنتی لەسەر زیادبوونی گرژییەکان لە لیبیا یەکڕاین، ئێمە بۆ ئاگربەست و کۆتاییهێنان بە دەستێوەردانە دەرەکییەکان لە لیبیا هاوکاری دەکەین، ئامانجی ئێمە ئاسایش و سەقامگیری وڵاتە”.

بەپێی بەیاننامەی هاوبەشی فەرەنسا، ئەڵمانیا و ئیتاڵیا کە دوێنی بڵاوکرایەوە، سەرۆکانی ئەم سێ وڵاتە ئامادەیی خۆیان بۆ “سەپاندنی سزا بەسەر هێزە دەرەکییەکان” کە قەدەغەی ناردنی چەک بۆ لیبیا پێشل دەکەن، ڕاگەیاندووە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتبوو: داوا لە هەموو لایەنە دەرەکییەکان دەکەین کە کۆتایی بە دەستێوەردانەکانیان لە لیبیا بێنن و پابەندی بڕیارەکانی ئەنجومەنی ئاسایش بن لەسەر لیبیا.

لە لایەکی دیکەشەوە هەر دوێنێ، جۆزپ بۆرێل بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا ڕایگەیاند: یەکێتی ئەوروپا پێی خۆش نییە بنکەکانی دەوڵەتی تورک و ڕوسیا لەناو خاکی لیبیا ببینێت، هەروەها نایەوێت بنکەکانی ئەو دوو وڵاتە لە کەناراوەکانی ئیتاڵیا ببینێت.

ف.ق