مردن و توشبوون بە کۆرۆنا کەمیکردووە

بەپێی نوێترین ئاماری ٢٤ کاتژمێری ڕابردوو، ٥٢ حاڵەتی گیانلەدەستدان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە چین تۆمارکراوە و ٤٠٦ کەسیش دووچاری ڤایرۆسەکە بوون، ئەوەش نیوەی کەمتری ئەو ڕێژەیەیە کە ماوەی سێ هەفتەیە لەو وڵاتە تۆمارکراوە.

بەپێی ئامارە نوێیەکە، ژمارەی گیانلەدەستدان بە کۆرۆنا لە چین گەیشتووەتە دوو هەزارو ٧١٥ کەس و تووشبوونی ٧٨ هەزارو ٦٤ کەس.

هەروەها تا ئێستا لە ٤١ وڵاتی دیکەی جیهاندا جگە لە چین، دوو هەزارو ٩٣٦ کەس دووچاری ڤایرۆسەکە بووە و ٤٥ کەسیش بەو هۆیەوە گیانیانلەدەستداوە.

بەپێی ئەو هۆشدارییەی کە ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی لەبارەی ڤایرۆسەکەوە بڵاویکردووەتەوە، ئەوانەی نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە، بە تایبەت شەکرەو فشاری خوێن، بە ڕێژەیەکی زیاتر مردن تیایاندا ڕوودەدات وەک لە کەسانی ئاسایی هەڵگری ڤایرۆسەکە.

هەروەها تائێستا مردن بە ڤایرۆسەکە ئەو هێڵە مەترسیدارەی تێنەپەڕاندووەو کەمترە لە %٥ـە، هاوکات ڕێکخراوی تەندروستی جیهانیش دوێنێ بڵاویکردەوە کە مەترسی ئەوە هەیە ڤایرۆسەکە ببێتە گشتگیرو بۆ تەواوی وڵاتان بگوازرێتەوە.

ف.ق