نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان ده‌رباره‌ی ده‌ستووری نوێی سووریا گفتوگۆ له‌گه‌ڵ ڕووسیا، توركیا و ئێران ده‌كات

نوێنه‌ری تایبه‌تی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان بۆ كاروباری سووریا ستیڤان دیمستۆرا به‌مه‌به‌ستی گفتوگۆكردن ده‌رباره‌ی ده‌ستووری نوێی سووریا بڕیاره‌ له‌ جنێڤ له‌گه‌ڵ نوێنه‌رانی حكوومه‌تی ڕووسیا، توركیا و ئێران كۆببێته‌وه‌.

به‌ گوێره‌ی ڕاگه‌یه‌ندراوێكی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان ستیڤان دیمستۆرا ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ له‌ ناوچه‌ی سۆچیی ڕووسیا به‌شێوه‌یه‌كی نافه‌رمی له‌گه‌ڵ نوێنه‌رانی ڕووسیا، توركیا و ئێران كۆبووه‌ته‌وه‌. له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا ده‌رباره‌ی پێكهێنانی كۆمیته‌ی نووسینه‌وه‌ی ده‌ستووری نوێی سووریا گفتوگۆ كراوه‌ كه‌ بڕیاره‌ له‌ نوێنه‌رانی حكوومه‌تی سووریا و ئۆپۆزسیۆن پێكبێت.

له‌ ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ كراوه‌ كه‌ دیمستۆرا به‌مه‌به‌ستی به‌ئه‌نجام گه‌یاندنی كۆمیته‌ی نووسینه‌وه‌ی ده‌ستوور، به‌ تامه‌زرۆییه‌وه‌ چاوه‌ڕوانی كۆبوونه‌وه‌یه‌كی فه‌رمییه‌ له‌گه‌ڵ نوێنه‌رانی ڕووسیا، ئێران و توركیا كه‌ بڕیاره‌ له‌ سه‌ره‌تای ئه‌یلوول له‌ جنێڤ به‌ڕێوه‌بچێت.

نوێنه‌ری تایبه‌تی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان بۆ كاروباری سووریا له‌ مانگی حوزه‌یرانیش له‌ بینای نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان له‌ جنێڤ كۆبوونه‌وه‌یه‌كی وه‌های ئه‌نجامدابوو، به‌ڵام ئه‌و كاته‌ لیسته‌٥٠ كه‌سییه‌كه‌ ئاماده‌ نه‌كرابوو.

گرووپه‌ چه‌ته‌كانی سه‌ر به‌ توركیا كه‌ به‌ ئۆپۆزسیۆن ناوده‌برێن، له‌ مانگی ته‌مووزدا لیستێكی ٥٠ كه‌سییان بۆ كۆمیته‌ی نووسینه‌وه‌ی ده‌ستووری نوێی سووریا پێشكه‌ش كردبوو.

ئه‌م كۆبوونه‌وانه‌ له‌ دوای ئه‌وه‌ هاتن كه‌ له‌ مانگی كانوونی دووه‌می ئه‌مساڵ له‌ كۆبوونه‌وه‌ی سۆچی بڕیاری دروستكردنی كۆمیته‌یه‌ك درا بۆ نووسینه‌وه‌ی ده‌ستووری نوێی سووریا.

s.m