نەتەوە یەکگرتووەکان داوای ڕاگرتنی شەڕی سوریا دەکات

سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بانگەوازێکی بە پەلەی بۆ ڕاگرتنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان کرد لە باشووری ڕۆژئاوای سوریا.

ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای ڕژێمی سوریا لە دژی کۆمەڵێک چەکدار لە پارێزگای دەرعا لەسەر سنووری ئوردون، ماوەی ١٠ ڕۆژی تێپەڕاند. ئەو ئۆپەراسیۆنانە کە لە ١٩ی حوزەیران / ٢٩ى جۆزەردانەوە دەستیان پێکردووە و هەتا ئێستاش بەردەوامە. ئەو ئۆپراسیۆنە بووەتە هۆی ئەوە، دەیان هەزار کەس شاری دەرعا بەجێبهێڵن.

سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنتۆنیۆ گۆتەرێس رایگەیاند "رێککەوتن بۆ ئاگربەست لە تەموزی ٢٠١٧دا لەپێناو باشوور و ڕۆژئاوای سوریادا واژۆ کرا، هێشتا کاری پێ دەکرێت. ئەو رێککەوتنە لەنێوان دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، ڕووسیا و ئوردوندا پێکهاتووە".

ئەنتۆنیۆ گۆتەرێس داوای بەپەلەی لە هەموو لایەنانە بەشداربووەکانى ئەو رێککەوتنەى کرد، کە پێویستە کار بۆ کۆتایهێنان بەو هێرشانە بکەن. بە تایبەتی داواى بە پەلەی کرد، کە دەبێت هێرشەکان بۆ سەر دەزگا پەروەردەیی و تەندروستییەکان ڕابگرن.

سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ٢٢ی حوزەیران / ١ى پووشپەڕدا، هەمان داواى کردبوو، بەڵام بێ وەڵام مابوویەوە.

لە شەڕی ناوخۆی سوریادا کە لە ساڵی ٢٠١١ەوە دژ بە ڕژێمی سوریا دەستیپێکردووە، هەتا ئێستا لە سوریا ٣٥٠ هەزار کەس ژیانیان لەدەستداوە و نزیکەی ١٠ ملیۆن کەسیش لەناو وڵاتدا یان دەرەوەی وڵات ئاوارە بوون. 

ر.م