نەورویج لە دواى ٣٢ ساڵ مانەوە هاووڵاتییەکى سۆمالیایى دەرکرد

پۆلیس و فەرمانگەى کۆچبەرانی نەرویج کارێکى ترى ئابڕوبەرانەیان ئەنجامدا و جۆسۆف ئەحمەد ئیسماعیل، کە ماوەى ٣٢ ساڵ لە نەرویج بوو و مافى مانەوەى لەو وڵاتەدا هەبوو، لە نەرویج دەریانکرد و رەوانەى تانزانیایان کرد.

جۆسۆف ئەحمەد ئیسماعیل ماوەى ٣٢ ساڵ لە نەرویج ژیانى بەسەر دەبرد و مافى مانەوەى بێسنوورى هەبوو، بەڵام پۆلیسى نەرویج دەریانکرد و رەوانەى وڵاتى تانزانیایان کرد. دواى ئەوەى زانییان هەڵەیان کردووە، چوون بۆ سۆمالیا و جۆسۆف ئەحمەد ئیسماعیلیان بردەوە بۆ نەرویج.

ئەو بڕیارە ئابڕوبەرانە و رادەستکردن و دەرکردنى ئەو هاووڵاتییە لە کەناڵى تەلەفزیۆنى ٢ى نەورویجەوە بڵاوکرایەوە، کە یەکێکە لە گەورەترین تەلەفزیۆنەکانى ئەو وڵاتە.

جۆسۆف ساڵی ١٩٨٧ لە نەرویج داواى مافی پەنابەریى کردبوو و داواکەى قبوڵکرابوو. فەرمانگەى کۆچبەرانى نەرویج ساڵی ٢٠٠٩ ئیدعاى کردبوو، جۆسۆف لە کاتى داواى مافى پەنابەریدا ناوی خۆی و ناوى وڵاتەکەى بە هەڵە پێ وتوون.

بە وتەى فەرمانگەى کۆچبەرانى نەرویج جۆسۆف پاسپۆرتی هاوڵاتییەکى تانزانیایى بە ناوی عەبدولحەکیم حەسەن وارسام پێ بووە. لەبەر ئەوەش فەرمانگەى کۆچبەرانی نەرویج لە ساڵی ٢٠١٢دا رایگەیاندبوو، جۆسۆف خاوەنى راستەقینەوەى پاسپۆرتە تانزانیاییەکەییە و دەبێت مافى مانەوەى لە نەرویج هەڵبوەشێندرێتەوە و بگەڕێندرێتەوە بۆ تانزانیا.

جۆسۆف لە ناکاو مافى مانەوە و مافى کارکردنى لە فەرمانگەکەیدا لە دەستدا و بۆ ئەوەى رادەست نەکرێتەوە ماوەى ٦ ساڵ لە ژێر گوشاردا ژیانێکى قورس و کولەمەرگیى بەسەر برد.

سەربارى هەموو هەوڵەکانى جۆسۆف، مانگى شوباتى ئەمساڵ جوسۆف دەستگیرکرا و لەلایەن ٣ پۆلیسەوە خرایە فڕۆکەیەک و بردیان بۆ تانزانیا.

پۆلیسى تانزانیا بە پاساوى ئەوەى جۆسۆف زمانى تانزانیایى نازانێت، دەستگیر و زیندانیى کرد. لە ١٥ی ئازاردا بە پاساوى ئەوەى بە شێوەى نایاسایى چووەتە تانزانیا، لە تانزانیا بڕیارى دەرکردنى بۆ دەرکرا.

دواى ئەوەى باڵیۆزخانەى سۆمالیا و بنەماڵەکەى و هاوڕێکانى بڕی ٢ هەزار دۆلاریان بۆ کەفالەتى جۆسۆف دانا، جۆسۆف لە تانزانیا ئازاد کرا و دواتر بە ناچار گەڕایەوە سۆمالیا، کە زیاتر لە ٣٠ ساڵ دەبوو، لێى هەڵهاتبوو.

دواى ئەو روودانەوە، پۆلیس و فەرمانگەى کۆچبەرانی نەرویج تێگەیشتن، کە هەڵەیان کردووە و بۆ ئەوەى جۆسۆف بگەڕێننەوە بۆ نەرویج ٣ فەرمانبەریان نارد بۆ سۆمالیا. ئەو هەڵەیە هەم ژیانى جۆسۆفى تێکدا و هەمیش بووە هۆى ئەوە، کە ٢٠١ هەزار و ٢٣٣ کرۆن زیان لە حکومەتى نەرویج بدات.

جۆسۆف ئیسماعیل سەرلەنوێ مافى مانەوەى لە نەرویج پێدرایەوە. ئێستا هەوڵ دەدات لە نەرویج ژیانێکى نوێ دەستپێبکاتەوە، کە ٣٢ ساڵ لەوە پیش رووی تێکردبوو.

پەیامنێری تەلەفزیۆنى ٢ى نەرویج لە جۆسۆف ئیسماعیل پرسی، تۆ زیاتر لە ٣٠ ساڵ لە نەرویج ژیانت بەسەر برد، ئایا تۆ لە نەرویج بوویت بە خاوەنى شتێک، جۆسۆف لە وەڵامدا وتی "نەخێر، نەبووم بە خاوەنى هیچ و هیچم نییە".

ر.م