هاوسه‌رۆكی پارتیی چه‌پ بۆ مێركڵ: بێده‌نگبوون به‌ واتای چۆكدادانه‌ بۆ ئه‌ردۆغان

ئه‌مڕۆ دانیشتنی په‌رله‌مانی فیدڕاڵی ئه‌ڵمانیا ده‌رباره‌ی هێرشه‌كانی ده‌وڵه‌تی توركیا له‌سه‌ر عه‌فرین به‌ڕێوه‌چوو. هاوسه‌رۆكی پارتیی چه‌پ، كاتیا كیپینگ داوای له‌ مێركڵ كرد بێده‌نگ نه‌بێت و هه‌ڵوێستی هه‌بێت.

له‌سه‌ر داوای فراكسیۆنی پارتیی چه‌پ، هێرشه‌كانی ده‌وڵه‌تی توركیا له‌ دژی عه‌فرین، له‌نێو په‌رله‌مانی فیدڕاڵی ئه‌ڵمانیا تاووتوێ ده‌كرێت. له‌ دانیشتنی ئه‌مڕۆی په‌رله‌ماندا، باس له‌ هێرشه‌كانی توركیا له‌ دژی عه‌فرین، به‌كارهێنانی تانكه‌كانی ئه‌ڵمانیا له‌ هێرشه‌كاندا و هه‌ڵوێستی حكوومه‌تی فیدڕاڵی ئه‌ڵمانیا كرا.

له‌ دانیشتنه‌كه‌دا، ژنه‌پارله‌مانتاره‌كانی پارتیی چه‌پ، بۆ پشتیوانی له‌ به‌رخۆدانی عه‌فرین و ئیدانه‌كردنی هێرشه‌كانی ده‌وڵه‌تی توركیا، كه‌فیی «سه‌وز و سوور و زه‌رد»یان له‌ ملی خۆیان پێچابوو.

له‌ سه‌ره‌تای دانیشتنه‌كه‌دا، كاتیا كیپینگ، هاوسه‌رۆكی پارتیی چه‌پ قسه‌ی كرد و وتی: عه‌فرین، ئه‌مڕۆ ته‌نها شارێكی كوردان نییه‌، له‌ هه‌مان كاتدا ده‌یان هه‌زار په‌نابه‌ری شه‌ڕ له‌وێ ده‌ژین. به‌ڵام ئێستا بۆمبه‌ به‌سه‌ر عه‌فریندا ده‌بارێت.

كیپینگ ڕه‌خنه‌ی له‌ بێ ده‌نگی حكوومه‌تی ئه‌ڵمانیا گرت و ڕایگه‌یاند: مێركڵ و وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ بێ ده‌نگن. بێده‌نگبوون به‌ واتای چۆكدادانه‌ له‌ به‌رانبه‌ر ئه‌ردۆغان. توركیا له‌ عه‌فرین به‌رهه‌مه‌ مێژووییه‌كانی هه‌زاران ساڵه‌ له‌نێو ده‌بات، سوپای توركیا به‌ به‌كارهێنانی تانكه‌كانی ئه‌ڵمانیا هێرش ده‌كاته‌ سه‌ر خه‌ڵكی سیڤیل.

هاوسه‌رۆكی پارتیی چه‌پ كه كه‌فییه‌كی سه‌وز و سوور و زه‌ردی له‌ ملییه‌وه‌ پێچابوو ڕه‌خنه‌ی تووندی له‌ ڕاوێژكاری ئه‌ڵمانیا و وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ گرت و وتی:

«من بانگ له‌ مێركڵ و گابریل ده‌كه‌م، با سه‌ربازه‌كانیان له‌ كۆنیا بكشێننه‌وه‌. بۆ ئه‌مه‌ریكا، ڕووسیا و ئه‌ورووپا شه‌رمه‌زارییه‌كی گه‌وره‌یه‌ كه‌ له‌ سووریا كوردان ده‌كه‌نه‌ قوربانی ئه‌ردۆغان. بێده‌نگ مه‌بن و ئیدی به‌ هیچی شێوه‌یه‌ك چه‌ك به‌ توركیا مه‌فرۆشن.»

 

ش. م