هەزاران کوردستانیی دانیشتووی ئەورووپا لە زۆرێك لە شارەکانی ئەورووپا، ڕژانەوە سەر شەقامەکان. لەو خۆپێشاندانانەدا کە دوێنێ ١٠ی شوبات/٢١ی ڕێبەندان، بە دەستپێشخەری ڕێکخراوە کوردستانییەکان لە ئەورووپا ئەنجام دران، کوردستانیان و دۆستانیان هێرشی داگیرکاریی سوپای تورکیا و چەتەکانی ئەردۆغانیان به تووندی شه‌رمه‌زار كرد. هەر له خۆپیشاندانه‌كاندا ئیدانه‌ی پیلانگێڕیی نێودەوڵەتیی ١٥ی شوباتی ١٩٩٩ لە دژی عه‌بدوڵا ئۆجالان كرا.
لە چالاکی کوردستانیان و دۆستانیاندا، زۆرێک لە ڕێکخراو، ناوەند و کۆمەڵە کوردییەکان، هەروەها په‌رله‌مانتارانی پارتیی چەپی ئەڵمانیا-ش بەشداربوون. ئاماده‌بوان بە درووشمەکانی «بژی یەپەگە/یەپەژە»، «بژی بەرخۆدانی عەفرین»، «ئەردۆغانی تیرۆریست»، «ئەردۆغان بكوژی منداڵه»، «بمرێ فاشیزم»، «دوێنێ داعش و ئه‌مڕۆ توركیا» و «بژی پێكه‌وه‌ژیانی گەلان» جۆش و خرۆشیان به چالاكییه‌كان دا.
هەروەها خۆپیشانده‌ران بە بەرزکردنەوەی ئاڵاكانی هەدەپە/هەدەکە، فشار و دەستبەسەرکردنی ئەندامانی هەدەپەیان لە باکووری کوردستان و توركیا شەرمەزار کرد.
هه‌ر له چالاكییه‌كاندا، ڕاگه‌یه‌نرا: بێدەنگیی هێزە نێودەوڵەتییەکانیان وەک بەشداری ئەوانه لەو کۆمەڵکوژییانەدا. خۆپیشانده‌ران داوایان له نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان و كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی كرد بێده‌نگی بشكێنن و هه‌ڵوێستی ڕوون و ڕاشکاوانەی خۆیان ده‌رباره‌ی شاڵاوی قڕکردنەی گەلی عەفرین لەلایەن سوپای تورکیا و چەتەکانی داعش، قاعدە و نووسرە پیشان بده‌ن.
بەشێک لەو شارانەی کە ڕێپێوانیان تێدا بەڕێوە چوو، بریتین لە:
کۆپنهاگن، دەنهاگ، لا رۆچەللـە، لیۆن، مارسیلیا، كان، نۆرنبێرگ، ئوڵم، هامبۆرگ، برێمه‌ن، بەرلین، فرانکفۆرت، میونسته‌ر، لودڤیگسبورگ، ساربروكهن، گیسن، میلانۆ، ئیننسبروگ و مه‌درید.
ش. م