واشنتۆن سەبارەت بە 'گەرووی هورمز' هۆشداریی دایە ئێران

بەڕێوبەرایەتیی واشنتۆن رایگەیاند، ئەوان پێداگرن لەسەر ئەوەى ئاسایشی هاتووچۆ بە گەرووی هورمز دا 'بە هەستیارییەکى زۆر و ئاوارتەوە' بپارێزن.

رژێمی ئێران هەفتەیەک لەمەوبەر و پێش ئەوەی ئەمریکا سزا ئابوورییەکانى بەسەردا بسەپێنێت، لە گەرووی هورمزدا مانۆڕى سەربازیى ئەنجامدا. ئەو مانۆڕە سەربازییە لە ناکاو و بەدەر لە بەرنامە ئاساییەکانى مانۆڕ و بۆنەکانى ئێران بوو، چونکە بە گشتى مانۆڕە سەربازییەکانى ئێران لە کەنداو و گەرووی هورمزدا لە وەرزی پایز ئەنجام دەدرێن.

ژەنەڕاڵ جۆزێف ڤۆتێل فەرماندەی هێزەکانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە کۆنفرانسێکى رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند "ئەگەری ئەوە هەیە بیانەوێت بەو مانۆڕە پەیامێکمان پێ بدەن".

ڤۆتێل راشیگەیاند، رژێمی ئێران ویستی لەو گەرووە ستراتیژییەدا تواناى خۆى نیشان بدات، چونکە ٣٠%ى نەوتى جیهان بە گەرووی هورمزدا تێدەپەڕێت.

ئەو ژەنەراڵە ئەمریکییە ئەوەشى وت، ئێران لەو ناوچەیەدا مینی دەریایى، کەشتیی جەنگیى هێرشبەر، مووشەک و راداری هەیە.

ڤۆتێل لە بەردەوامی قسەکانیدا وتی "ئەوان بە بەردەوامى ئامادەن" و "هەموو هاتووچووەکان چاودێری دەکەن" و ئەرکی سەرەکییان ئەوەیە، ئاسایشى هاتووچۆ لە گەرووەکەدا و ئازادیی بازرگانی دابین بکەن و هەوڵیش دەدەن ئەو ئاسایشە لە هەموو ناوچەکەدا دابین بکەن.

سەرۆک کۆماری ئێران حەسەن روحانی مانگێک لەوە پێش وتبووی، دەتوانین گەرووی هۆرمز دابخەن. رووحانی ئەوەشى وتبوو "ئێمە هەموو کات زامنەکەری ئاسایشى گەرووەکەین. دەست بە شارە زەردەواڵەدا مەکەن، ئێوە پەشیمان دەبنەوە".

ر.م