وه‌ڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا ده‌رباره‌ی په‌نابه‌ران ڕێككه‌وتن

سەرکردەکانی یەکێتیی ئەورووپا دوای چه‌ندین كاتژمێر کۆبوونەوه‌ گەیشتنە ڕێککەوتن ده‌رباره‌ی پرسی په‌نابه‌ران و بڕیاریاندا بۆ ڕێگرتن له‌ شه‌پۆلی كۆچ بۆ ئه‌ورووپا، هاوكاری مادی پێشكه‌شی توركیا ئه‌فریقای باكوور بكرێت.

کۆبوونەوه‌ی سه‌ركرده‌كانی وه‌ڵاتانی یه‌كێتیی ئه‌ورووپا دوێنێ لە برۆکسلی پایتەختی بەلجیکا ده‌ستی پێكرد و ئه‌مڕۆ به‌رده‌وام بوو. له‌ كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆدا ڕێککەوتن كرا ده‌رباره‌ی پرسی په‌نابه‌ران.

وه‌ڵاتانی یه‌كێتیی ئه‌ورووپا ڕێككه‌وتن لەسەر ئەوەی سەنتەری نوێی په‌نابه‌ران لە وه‌ڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا بکەنەوە و له‌و ڕێیه‌وه‌ پەنابەری یاسایی و نایاسایی لە یەکتر جیابکەنەوە. هه‌روه‌ها سەرکردەی ٢٨ وه‌ڵاتەکە ڕێککەوتن لەسەر بەهێزکردنی کۆنترۆڵی سنوورەکان و زیادکردنی هاوکاری دارایی بۆ تورکیا و وه‌ڵاتانی ئەفریقای باکوور.

به‌ گوێره‌ی ڕێككه‌وتنه‌كه‌ ئه‌ورووپا بڕی ٣ ملیار یۆرۆ ده‌داته‌ توركیا بۆ ڕێگرتن له‌ شه‌پۆلی كۆچ به‌ره‌و وه‌ڵاتانی یه‌كێتیی ئه‌ورووپا، هه‌روه‌ها بڕی ٥٠٠ ملیۆن یۆرۆش به‌ وه‌ڵاتانی ئه‌فریقای باكوور ده‌درێت بۆ هه‌مان مه‌به‌ست.

هاوکات ئیتاڵیا کە خاڵی چوونەژوورەوەی هەزاران په‌نابه‌ره‌، هەڕەشەی ئەوەی کرد ڤیتۆی تەواوی ئەجێندای بڕیارەکانی یەکێتیی ئەورووپا بکات ئەگەر ده‌رباره‌ی پرسەکە هاوکاری نەکرێت.

ژوسێپی کۆنتی سەرۆک وەزیرانی ئیتاڵیا ڕایگەیاند، پاش ئەم ڕێککەوتنە ئەورووپا زیاتر بەرپرسیار دەبێت و هاوخەمی زیاتر پێشکەش دەکات. گوتیشی: چی دیكه‌ ئیتاڵیا بە تەنیا نییە.

s.m