٣ وڵاتى ئەنجوومەنى ئاسایش داوایان لە سوریا کرد ئۆپراسیۆنەکانى لە ئیدلب رابگرێت

دواى ئەوەى ئەردۆغان هەڕەشەى هێرش و داگیرکەرییى بۆ سەر ئیدلب کرد، ئەمریکا و بەریتانیا و ئەڵمانیا لە ئەنجوومەنى ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە داوایان لە سوریا کرد ئۆپراسیۆنى ئیدلب رابگرێت.

ئەمریکا، بەریتانیا و ئەڵمانیا لە داواکەیان لە حکومەتى سوریا بۆ راگرتنى ئۆپراسیۆن لە ئیدلب، هیچ ئاماژەیەکیان بە داگیرکەریی دەوڵەتى تورک لە ئیدلب نەکردووە و تەنها وتویانە 'دەبێت رژێمى سوریا کۆتایى بە هێرشەکانى بۆ سەر خاڵە چاودێرییەکانى تورک لە ئیدلب بهێنێت'.

گیر پیدرسۆن نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری سوریا لە رێگەى ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە بەشداریى لە دانیشتنەکە بوو و رایگەیاند، بارودۆخی مرۆیی لە ئیدلب خراپتر بووە.

پیدرسۆن راشیگەیاند، سوریا رێگای ئێم ٥ و رۆژهەڵاتى حەلەبی بە تەواوەتی کۆنترۆڵ کردووە و دەوڵەتی روسیا و تورکیا 'وەک وڵاتانی گارانتیکەر ناچارن کێشەکە کەم بکەنەوە'.

هەڕەشەى داگیرکەریی ئەردۆغان

ئەردۆغان دوێنێ لە قسەکانیدا لە کۆبوونەوەیەکى حیزبەکەیدا هەڕەشەى کردبوو و وتبوی "دەستپێکردنی ئۆپراسیۆنى ئیدلب لە ئان و ساتدایە و شەوێک لە ناوکاو ئەنجامی دەدەین".

کرملین: ئەوە مەترسیدارترین سیناریۆ دەبێت بۆ تورکیا

دیمیتری پیسکۆڤ وتەبێژی کرملین وەڵامی ئەردۆغانی دایەوە و تی "ئۆپراسیۆنى سەربازیى تورکیا لە دژی هێزەکانى حکومەتى سوریا لە ئیدلب دەبێتە خراپترین سیناریۆ".

لاڤرۆڤ: رێنەکەوتین

سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەى روسیا لەبارەیى ئەو بابەتەوە رایگەیاند، لە چاوپێکەوتنى نێوان شاندی رووس و تورک دا لە مۆسکۆ هیچ رێککەوتنێک رووی نەدا.

ترامپ پشتیوانیی لە ئەردۆغان کردبوو

دۆناڵد ترامپ سەرۆکی ئەمریکا شەوی پێش هەڕەشەکەى ئەردۆغان بە تەلەفون قسەى لەگەڵ ئەردۆغان کردبوو و لێدوانیشی دابوو، کە ترامپ پشتیوانى لە دەوڵەتى تورک دەکات و وتبوی "ئێمە لە بابەتى ئیدلب دا چیمان پێدەکرێت، ئێمە لەگەڵ ئەردۆغان قسەمان کرد".

وەزیری بەرگریی تورک: ئێمە ناتۆین!

دواى رێکنەکەوتنى شاندی تورک و رووس لە مۆسکۆ، خولوسی ئاکار وەزیری بەرگریی تورک راگەیاندبوو "ئێمە ناتۆین" و ئەوەش لەو دۆخەدا سەرنجڕاکێشە.

ژ.ت