ڕۆژی سێشەممەی ئەم هەفتەیە دادگای بەلجیکا بە بڕیارێک ڕایگەیاند" پەکەکە ڕێکخراوێکی تیرۆریستی نییە"، سەبارەت بەم بڕیارەش پارێزەرانی کەیسی پەکەکە لە دادگای بەلجیکاو سیاسەتمەداران کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیان بەڕێوەبرد.
لە کۆنفرانسەکەدا هەریەک لە پارێزەرانی لایەنی کورد، ڕەمزی کارتال هاوسەرۆکی کۆنگرەی گەل، زوبێر ئایدار ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبەری کەنەکە، ئاندرییەس سۆیدەر ئەندامی کۆمەڵەی سۆسیال دیموکرات و پەرلەمانتاری ئەوروپا و فرانچیۆیس ئەلفۆنسی ئەندامی کۆمەڵەی کەسک لە پەرلەمانی ئەوروپا بەشدارییان تێدا کرد.
دادگای بەلجیکا لە ٢٨ی ئەم مانگە ئاماژەی بۆ ئەوەکردبوو"پەکەکە ڕێکخراوێکی تیرۆریستی نییە و لە تورکیا شەڕێک هەیە و نابێت پەکەکە لە چوارچێوەی یاسای دژەتیرۆر لە بەلجیکا دادگایی بکرێت".
ڤیلیومسەن: پێویستە بۆ چارەسەری تورکیا و پەکەکە کۆببنەوە
نیکۆلەژ ڤیلیومسەن یاریدەدەری سەرۆکی کۆمەڵەی یەکێتی چەپگەر لە پەرلەمانی ئەوروپا ڕایگەیاند: بەڕای من ئەمە بڕیارێکی گرنگە، ئەمە بڕیارێکی سووک نیە و ڕژێمی تورکیا بە بەهانەی تیرۆر دەچێتە ناو خاکی سوریا.
ڤیلیومسەن باسی لەوەشکرد، کێشەکان بە توندوتیژی چارەسەر نابێت و بۆچارەسەری سیاسیش بانگەوازی لە حکومەتی تورک و پەکەکە کرد کە کۆبوونەوە ئەنجام بدەن، وتیشی: هەڵەی یەکێتی ئەوروپا ئەوەیە کە پەکەکە بەناوی تیرۆر دەنرخێنێت، ئەمەش کێشە لەبەردەم چارەسەری درووست دەکات.
ئالفۆنی: ڕێگایەکی گرنگ کرایەوە
فرانچیۆیس ئەلفۆنسی ئەندامی کۆمەڵەی کەسک لە پەرلەمانی ئەوروپا وتی: بڕیاری دادگا بۆئەوەی"پەکەکە ڕێکخراوێکی تیرۆریستی نییە" ڕێگایەکی گرنگی کردەوەو لەئێستاشەوە هەوڵدانی ئێمە ئەوەیە کە ئەم بڕیارە لەناو سەرجەم دەوڵەتانی ئەندام و یەکێتی ئەوروپا بڵاوببێتەوە.
کارتال: پێویستە دامەزراوەکانی ئەوروپا بەپێی بڕیارەکە هەڵسوکەوت بکەن
ڕەمزی کارتال هاوسەرۆکی کۆنگرەی گەل دەستنیشانی کرد کە توندوتیژی لەسەر گەلی کورد بەپشتیوانی ناتۆ و یەکێتی ئەوروپا دەکرێت، کارتال وتی: لە تورکیا بە "بەهانەی تیرۆر" سیاسەتمەدارانی کورد، پەرلەمانتار، هاوسەرۆکانی شارەوانی دەستگیردەکرێن و هێرش دەکرێتە سەر باکورو ڕۆژهەڵاتی سوریا، مەسەلە پەکەکە نییە، مەسەلە هێرشە لەسەر گەلی کورد، بڕیاری دادگا گرنگە، پێویستە سیاسەتمەداران و دەزگاکانی ئەوروپا بەپێی بڕیاری"پەکەکە ڕێکخراوێکی تیرۆریستی نییە" هەلسوکەوت بکەن، ئەگەر ئەو بڕیارە جێبەجێ نەکرێت عەدالەت لەهیچ جێگایەک نابینرێت.
ئایدار: لیستی تیرۆری ئەوروپا لیستێکی ناهەق بوو
زوبێر ئایدار ڕایگەیاند: لە کۆتاییدا دادگا هەقی بە ئێمە دا، لیستی تیرۆری یەکێتی ئەوروپا لیستێکی ناهەق بوو، بەهۆی ئەم لیستەوە دەوڵەتی تورک ئەشکەنجەو تاوانەکانی زیاد دەکات، ئیدی نابێت هیچ کەس ببێتە هاوبەشی ئەردۆغان، بەهۆی ئەم لیستەوە بەدە هەزاران کەسی ئێمە دەستگیرو ڕوبەڕووی ئاستەنگی بوونەوە، ئەمە ناهەقییەکی گەورە بوو.
"پێویستە پەکەکە بە تەواوی لە لیست بێتە دەرەوە"
ئایدار ڕاشیگەیاند: ئێمە لایەنێکی شەڕین، ئێمە لایەنگری ئازادی گەلی خۆمانین، ئێمە ئامادەینە ئەم کێشەیە بە دیالۆگ و ڕێگای ئاشتیانە چارەسەر بکەین، من بانگ لە حکومەتی بەلجیکاو یەکێتی ئەوروپا دەکەم کە پێویستە بەپێی بڕیاری دادگای بەلجیکا هەڵسوکەوت بکەن و ئیمزا لەژێر ئەو لیستە بکەن، بەپێی ڕوانینی ئێمە ئەو بڕیارە دەستپێکێکی نوێیە، ئێمە تێكۆشانی سیاسی و ماف و یاساییمان بەردەوام دەکەین، بۆئەوەی ئەو لیستەی تیرۆرە لە بنەڕەتەوە نەمێنێت ئێمە هەوڵدانمان بەردەوام دەکەین.