په‌رله‌مانتارانی پارتیی چه‌پی ئه‌ڵمانیا: ئێمه‌ له‌گه‌ڵ عه‌فرین ده‌بین

په‌رله‌مانتارانی پارتیی چه‌پی ئه‌ڵمانیا بۆ ئیدانه‌كردنی هێرشه‌كانی توركیا له‌ دژی عه‌فرین و پشتیوانی كردنی عه‌فرین، پێكه‌وه‌ وێنه‌یه‌كیان گرت و په‌یامێكیان دا.

په‌رله‌مانتارانی پارتیی چه‌پ، به‌ر له‌ كۆبوونه‌وه‌ی په‌رله‌مانی فیدڕاڵی ئه‌ڵمانیا كۆبوونه‌وه‌ و كه‌فییه‌كی «سه‌وز و سوور و زه‌رد»یان خسته‌ سه‌ر شانیان. په‌رله‌مانتاره‌كان پۆسته‌رێكیان هه‌ڵگرت كه‌ له‌سه‌ری نووسرابوو «هێرشه‌كانی توركیا له‌سه‌ر عه‌فرین بوه‌ستێنن، فرۆشتنی چه‌ك بوه‌ستێنن».

په‌رله‌مانتاره‌كان ڕایانگه‌یاند ئه‌وان له‌گه‌ڵ عه‌فرینن. هه‌فته‌ی ڕابردووش پارتیی چه‌پ داوای له‌ حكوومه‌تی ئه‌ڵمانیا كردبوو چه‌ك به‌ توركیا نه‌فرۆشێت. ئه‌مڕۆش فراكسیۆنی پارتییه‌كه‌ به‌ فه‌رمی داوای له‌ په‌رله‌مان كرد هێرشه‌كانی توركیا له‌ دژی عه‌فرین و بابه‌تی فرۆشتنی چه‌ك به‌ توركیا بخرێته‌ به‌رنامه‌ی كاری دانیشتنی په‌رله‌مانه‌وه‌.

پارتیی چه‌پ به‌ نووسراو داواكارییه‌كه‌ی پێشكه‌شی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مانی فیدڕاڵ كردووه‌ و تیایدا هاتووه‌: «هه‌ڵوێستی حكوومه‌ته‌كه‌تان له‌ به‌رانبه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ چییه‌ كه‌ سوپای توركیا به‌ تانكه‌كانی ئه‌ڵمانیا هێرش ده‌كاته‌ سه‌ر عه‌فرین؟».

پێشبینی ده‌كرێت له‌م هه‌فته‌یه‌دا ئه‌م بابه‌ته‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌ی په‌رله‌ماندا بخرێته‌ به‌ر باس.

 

ش. م